کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەڕانسە داوای هەڵوەشانەوەی حەشدی شەعبی دەکات

15:05 - 12 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: سەرکۆماری فەڕانسە، داوای چەک کردن و هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی کردووە.

ئێمانۆئیل ماکرۆن، سەرکۆماری فەڕانسە، ڕۆژی شەممە ١١ی سەرماوەز لە پاریس، پێشوازی لە نێچیروان بارزانی کردووە و کۆمەڵێک پرسی گرینگیان بە نسبەت کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغداد و دەستێوەردانەکانی ئێران باس کردووە.

ماکرۆن، پاش چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ نێچیروان بارزانی وتوویە: هیوادارم هەرچی زووتر وتووێژێکی نیشتمانی بە مەبەستی چارەسەریی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغداد دەست پێ بکات.

سەرکۆماری فەڕانسە، خوازیاری چەک کردن و هەڵوەشاندنەوەی تەواوی میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە خاکی عێراق بووە و وتوویە: چەک کردن و هەڵوەشاندنەوەی هەموو میلیشیاکان و بەتایبەت حەشدی شەعبی کە بە زۆرینە لە شێعەکانی سەر بە ئێرانن، کارێکی گرینگ و سەرەکییە کە دەبێ لە کاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەو دانیشتنەدا ئامادەیی هەرێمی کوردستانی بۆ وتووێژ لەگەڵ بەغداد لەسەر بنەمای ڕێزدانان بۆ یاسای حکوومەتی فیدراڵ دەربڕیوە و وتوویە: کە هەرێمی کوردستان ئامادەیە بۆ چارەسەری کێشەکان ڕێگاچارەی گونجاو ببینێتەوە.

حەشدی شەعبی، ساڵی ٢٠١٤ و پاش کەوتنی مووسڵ لە٤٠ گرووپ کە زۆربەیان شێعە و سەر بە ڕێژیمی ئێرانن و لە قاسم سلێمانی و خامنەیی پەیڕەوی دەکەن، پێک هاتووە.

ئەم هێزە میلیشیاییە لە هێرشەکانی ئەم دواییانە بۆ سەر هەرێمی کوردستان ڕۆڵی سەرەکی گێڕاوە.