کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قازانجی ١٢٠ هەزار میلیارد تمەنی رێژیم لە هەڵکشان و داکشانەکانی ئەرز

16:50 - 28 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: یەکێک لە ئەندامانی کۆمیسیۆنی بەرنامە و بودجەی مەجلیسی رێژیم ئاشکرای کرد، دەوڵەتی ڕووحانی بڕی ١٢٩ هەزار میلیارد تمەن قازانجی لە بشێوییەکانی بازاڕی ئەرز کردووە.

هەواڵدەریی ئیلنا لە زاری مێهرداد لاهووتییەوە ئاشکرای کردووە: بەشی سەرەکی بەرزبوونەوەی نرخی ئەرز لە ئێران کە بووە هۆی بارگرانی لە بازاڕ و شڵەژانی دۆخی ڕەوانی خەڵک، لە ئەستۆی سیاسەتە بەئەنقەستەکانی دەوڵەت بووە تاکوو قازانجێکی زیاتری ئابووریی بۆ خۆیان دەستەبەر بکەن.

ناوبراو وتوویەتی: دەوڵەت بە ئەنقەست نرخی دۆلاری بردە سەرێ؛ نابێ ئەوە لە بیر بکەین کە ئێمە ڕۆژانە نیزیک بە ٣ میلیۆن بەرمیل نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان هەناردە دەکەین کە لە بودجەدا بە دۆلاری٣٥٠٠ تمەنی بەراوردی بۆ کرابوو؛ بەم پێیە دەردەکەوێت کە جیاوازییەکی ١٥٠٠ تمەنی لە ئارادایە کە دەکاتە قازانجی ١٢٠ هەزار میلیارد تمەن بۆ دەوڵەت، واتە بەبێ ئەوەیکە دەوڵەت خۆی بۆ ماندوو کردبێت ئەم پارە کەڵانە هاتووەتە گیرفانی.