کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێقەوماوانی پارێزگای کرماشان و یارمەتییەکانی ڕیژیم بۆ بووکەماڵ لە سووریە

16:30 - 4 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: لە حاڵێکدا کە گەلی کورد لە کرماشان چاوەڕێی یارمەتی مرۆڤدۆستانەیەو ڕێژیم لە ئاست ئەم چاوەڕوانییە چاوی نوقاندووە، یەکەمین هاوکارییەکان لەلایەن ڕێژیمەوە ڕەوانەی شاری بووکەماڵی سووریە کرد.

هەواڵدەریی فارس لەو بارەیەوە بڵاوی کردووەتەوە، ڕێژیمی ئێران پاش ئازاد کردنی شاری بووکەماڵ، یەکەم یارمەتییە مرۆییەکانی گەیاندە ئەو شارە.

تراژێدی ئەم کارەی ڕێژێمی ئێران لەوەدایە کە، پاش تێپەڕینی نیزیک بە دوو حەوتوو بە سەر کارەساتەکەی کرماشان هێشتا خەڵکی پارێزگای کرماشان بە دەست لێقەوماوی و کەمی خزمەتگوزارییەوە دەناڵێنن بەڵام ڕێژیمی ئێران ئاوڕی لێنەداونەتەوە.

لە حاڵێکدا کە کوردانی لێقەوماوی پارێزگای کرماشان بەهۆی هاوکارییە مرۆڤدۆستانەکانی خوشک و براکانیان زیندوو ماون ڕێژیم هاوکارییە خەڵکییەکانی گەلی کورد بەتاڵان دەبات و ڕادەستی خەڵکی بوکەماڵی سوریەیان دەکات.

ئەوەیکە لە دوو حەوتووی ڕابردوودا هاتە ئاراوە، خەڵکی کوردستان لە سەر ئەرکی ئەخلاقی و نەتەوەیی و بە شێوەی خۆبەخشانە و خۆڕسک دەستیان کرد بە یارمەتی کۆکردنەوەی بۆ لێقەوماوانی پارێزگای کرماشان و ڕێژیمی ئێران بە جێگای ئەوەیکە یارمەتی خەڵکی لێقەوماو بدات دەستی بەسەر یارمەتییە خەڵکییەکاندا دەگرت.

ئەوەیکە ڕووی داوە ئەوپەڕی دژەکوردبوونی ڕێژیمی ئێرانمان پیشان دەدات کە جێگەی پەندوەرگرتنە.