کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە تۆڵەی کوژرانی ساڵح سەماد، حووسییەکان هێرشی مووشەکیان کردووەتە سەر عەرەبستان

16:21 - 9 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: میلیشیا حووسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران، لە بەرەبەری بەخاکسپاردنی تەرمی سالح سەماددا، هێرشێکی مووشەکیان کردە سەر عەرەبستانی سعوودی.

عەرەبستانی سعوودی ڕایگەیاندووە، کە هێزەکانی پەدافەندی بەرگریی وڵاتەکەی ڕۆژی شەممە ٨ی بانەمەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، هێرشێکی مووشەکیی حووسیەکانیان پووچەڵ کردۆتەوە.

هاوپەیمانەتی عەرەبی ڕایگەیاندووە، کە میلیشیا حووسییەکانی یەمەن، کە لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پاڵپشتی و پڕچەک دەکرێن، ڕۆژی شەممە چوار مووشەکی بالستیکیان بەرەو عەرەبستان هاویشتووە، کە لە لایەن هێزەکانیانەوە تەقێندراونەتەوە.

سەرهەنگ یەحیا عەبدوڵڵا قەحتانی، وتەبێژی هێزەکانی بەرگریی شاری جیزانی عەرەبستان، لە کاتی وتووێژ لەگەڵ کاناڵی تەلەفزیۆنی ئەلعەرەبییەدا ڕایگەیاندووە، کە لە ئاکامی ئەو هێرشانەدا هاووڵاتییەکی عەرەبستانی سعوودی گیانی لە دەست داوە.

لە لایەکی دیکەدا، کاناڵی تەلەفزیۆنی ئەلمسیرەی میلیشیاکانی حووسی باسی لەوە کردووە، کە ڕۆژی شەممە هەشت مووشەکیان بەرەو شاری جیزان هاویشتووە.

شایانی باسە، ئەم هێرشانە لە کاتێکدا کراونەتە سەر عەرەبستانی سعوودی کە حووسییەکان خەریکی ئامادەکارین بۆ بەخاکسپاردنی تەرمی سالح سەماد، فەرماندەی باڵا و کەسایەتی دووهەمی ئەو ڕێکخراوە بوون، کە چەند ڕۆژ پێشتر لە کاتی هێرشێکی ئاسمانیی هێزەکانی هاوپەیمانەتی عەرەبی بۆ سەر سەنعا کوژراوە.

هەواڵدەریی فەرانسە لەو بارەوە ڕایگەیاندبوو، کە هێرشە ئاسمانییەکەی هاوپەیمانەتی عەرەبی بۆ سەر میلیشیا حووسییەکان، بووەتە هۆی کوژرانی دەیان کەس لە ئەندامانی ئەوان و بەتایبەت دوو فەرماندەی باڵایان.