کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە وڵاتی سویس، رێوڕەسمی ٢ی رێبەندان بەڕێوەچوو

13:02 - 16 رێبەندان 2712

کوردستان میدیا: رێوڕەسمی ٢ی رێبەندان، ٦٧مین ساڵـڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان لە وڵاتی سویس بەڕێوەچوو.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی شەممە رێکەۆتی ١٤ی رێبەندانی ١٣٩١ی هەتاوی، کۆمیتەکانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران و پارتی سوسیالیستی کوردستان لە وڵاتی سویس، رێزیان لە ٢ی رێبەندان، ٦٧مین ساڵرۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان گرت.
رێوڕەسمەکە بە خوێندنەوەی سروودی نەتەوایەتیی ئەی رەقیب و راگرتنی خولەکێک بێ‌دەنگی بۆ رێز گرتن لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی کوردستان و بەتایبەت پێشەوا قازی محەممەد و هاوڕێیانی دەستی بە کارەکانی کرد.
پاشان پەیامی هاوبەشی کۆمیتەکانی حیزبی دێمۆکرات و پارتی سوسیالیستی کوردستان، لە سویس لەلایەن نامدار سەفەری بەرپرسی کومیتەوە خۆیندرایەوە.
دواتر کورتە فیلمێک لە وتە بە نرخەکانی شەهید عەبدولڕحمن قاسملوو لەسەر ٢ی رێبەندان بڵاو کرایەوە و پەیامی کۆمیتەی یەکیەتی لاوانی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سویس لەلایەن هیوا پەری و پارچە شێعرێک لەژێر ناوی رێبەندان لەلایەن ئەحمەد شۆڕش حەمزەوە خۆیندرایەوە.
برووسکەی پیرۆزبایی چەند حیزب و لایەنی کوردستانی و ئێرانی بەبۆنەی یادی ٦٧مین ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان بە رێوڕەسمەکە گەیشتبوو کە ناوەکانیان بەم شێوەیە:
ــ کۆمەلەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران

ــ پارتی دێمۆکراتی کوردستان

ــ یەکیەتیی فیداییانی خەلقی ئێران

ــ حیزبی شیوعیی کوردستان

ــ سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران

ــ ناوەندی زاگرۆس بۆ مافی مرۆڤی کوردستان لە ژنێڤ
رێوڕەسمەکە بە گۆرانیی هونەرمەندان سیرووس ئیمامی، ئەسعەد مەریوانی، میزگین، سەردار یەلدیز و عەبدوڵڵا عەلی‌پوور، کۆتایی پێ هات.