کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێدان لە کەرامەتی مرۆڤ

20:45 - 19 بانەمەڕ 2724

شەماڵ تەرغیبی

هەموو کەسێک مافی ئازادی ڕادەربڕینی هەیە و ئەم مافە بریتییە لەوەیکە هیچ کەسێک ترسی لەوە نەبێ کە خاوەنی جۆرە بۆچوونێکی جیاوازە و دەتوانێ بە ئازادانە باسی لێوە بکات و لە هەمان کاتیشدا بۆ وەرگرتنی زانیاری و بۆچوون و هەروەها بۆ بڵاوکردنەوە و پەرەدان پێی دەستی بە هەموو جۆرە کەرەستەیەکی پێویست ڕا بگات.

(مادەی ١٩ لە مەنشووری جیهانی مافەکانی مرۆڤ)

 

ڕێکخراوی جیهانی  ڕێپۆرتێرانی بێ‌سنوور لە پلەبەندی ئازادیی ڕاگەیاندن لە ساڵی ٢٠٢٤دا کە ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١٤ی بانەمەڕ بڵاوی کردەوە هۆشداری داوە لە حاڵێکدا کە نیوی حەشیمەتی جیهان، ئەمساڵ لە چوارچێوەی هەڵبژاردنە جۆراوجۆرەکان دەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان، گوشارە سیاسییەکان بۆ سەر میدیا و ڕاگەیەنەرە جیهانییەکان بەردەوام ڕوو لە هەڵکشانە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە بارودۆخی ئازادیی ڕاگەیاندن لە ٣٦ وڵاتی جیهان "زۆر دژوار" و لە ٦٠ وڵاتی دیکە زۆر "ئاڵۆز" وەسف کراوە و تەنیا لە ٨ وڵاتی جیهاندا دۆخی ڕۆژنامەوانی باش و جێگەی پەسند بووە. لەم ڕاپۆرتەدا ناوی ئێران وەک یەکێک لە خراپترین وڵاتەکان لە بواری ئازادیی ڕاگەیاندندا تۆمار کراوە و لە کۆی ١٨٠ وڵاتی جیهان پلەی ١٧٦ی وەدەست هێناوە؛ بەجۆرێک کە تەنیا وڵاتانی سووریە، کۆرەی باکوور، ئەفغانستان و ئێریترە دۆخیان لە ئێران خراپتر بووە.

لە بەشێکی ئەم ڕاپۆرتەدا هاتووە: "پێوەری سیاسیی پلەبەندیی ئازادیی ڕاگەیەنەکان لە ساڵی ٢٠٢٤ لە زۆربەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین لە حاڵی داڕماندایە و زۆربەی شارەزایان و چالاکانی بواری ڕۆژنامەوانی لەم وڵاتانە و یەک لەوان لە ئێران لە زینداندان و سەرکوتکارییەکان بەرامبەر بەم توێژەی کۆمەڵگە هەم بەردەوامە و هەمیش بەردەوامە لە پەرەسەندن".

باسکردن و ئاوڕدانەوە لەم ڕاپۆرتە لەڕاستیدا بیانوویەکە بۆ ئەوەی بپڕژێینە سەر بابەتێکی قوڵتر، گرینگتر، هەستیارتر و بنەڕەتیتر کە تاکوو چارەسەر نەبێ، ئەوا دەبێ بەردەوام گوێبیستی ئەم جۆرە ڕاپۆرتانە ببین.

پڕئاشکرایە کە هیچ چین و توێژێک لە کۆمەڵگەی ئێراندا بوونی نییە کە چ بە شێوەی ڕاستەوخۆ و چ بە شێوەی ناڕاستەوخۆ وەبەر تێغ و شمشێری سەرکوت و فەوتانی کۆماری ئیسلامی نەکەوتبێ؛ هەر لە قوتابی قوتابخانەوە بگرە تاکوو مامۆستای قوتابخانە، هەر لە مامۆستای ئایینییەوە بگرە تاکوو کەسانی باوەڕمەند بە ئایینزا جیاوازەکان، هەر لە بازاڕی و کاسبکارەوە بگرە تا دەگاتە خاوەن سەرمایە و کارگەکان، هەر لە پزیشک و ئەندازیارەوە بگرە تا دەگاتە خوێندکاری زانکۆ و ڕۆژنامەوان و بەگشتی ئەوەیکە ناوی مرۆڤە و لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا دەژی، بێ هیچ دوودڵییەک وەبەر پەلاماری ئایدیۆلۆژیای سەقەت و ناسەردەمییانەی جەماران کەوتووە.

ڕەنگە لە یەکەم کاردانەوەدا ئینسان ئەو پرسیارەی بۆ دروست ببێ کە چۆن دەکرێ کەسانێک کە خاوەنی سەرمایەن و پشتگیری یاساییش دەکرێن بەڵام بووبێتنە بەشێک لە قوربانیانی دەستی دەسەڵات؟! یان کەسێک کە پزیشکە و خاوەن ژیان و گوزەرانێکی تا ڕادەیەک باشتر لە خەڵکی ئاساییە چۆن قوربانییەکە لەحاڵێکدا کە ئێمە دەبینین لە ئاستی شارەکاندا خەڵکانێکی زۆر تووشی دیاردەگەلی جۆراوجۆری ئابووری و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتین؟!

لەڕاستیدا بۆ وڵامدانەوە بە ئەم پرسیارە کە خاڵی جەوهەری ئەم ڕوانینەشە، دەتوانین بڵێین ئەوەیکە لە دەسەڵاتی ئۆلیگارێشی کۆماری ئیسلامیدا تاکوو ئێستە بینراوە بریتی بووە لە بە ئامانج‌گرتنی کەرامەتی مرۆڤەکان لە هەموو شکڵ و شێوازێکی خۆیدا؛ بێ لەبەرچاوگرتنی پیشە، تەمەن، باوەڕ، ئایین و ئایینزا و جێگەوپێگەی کۆمەڵایەتییان. کۆماری ئیسلامی بەو هۆیەوە کە باوەڕی بە ماف و کەرامەتی مرۆڤ نەبووە و نییە بەردەوام و لە هەر بەستێنێکدا کە بۆی ڕەخسابێت یان بۆی بڕەخسێت هەوڵ دەدات مرۆڤەکان تەنانەت لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی بە ئامانج بگرێت و سووکایەتییان پێ بکات؛ نەک هەر مرۆڤەکان کە تەنانەت ئاژەڵ و گیانلەبەرەکانی دیکەش بەشێکن لەو سەرقاڵییەی کە بۆ دامرکاندنی هەستە سادیستییەکانی کەڵکاوەژوویان لێوەردەگرێ.

بە ڕوانینێکی سادەتر کاتێک سەربازانی ئەم ئەهرێمەنەی زەمانە بێبەزەییانە بەر دەبنە گیانی دار و دارستانەکان و ئاگریان دەدەن، کاتێک ئاژەڵە بەستەزمانەکان دەکوژن و لەنێویان دەبەن، کاتێک مرۆڤەکان زۆر بە ئاسانی وەبەر فیشەکی ڕق دەدەن و دەیانکوژن یان پەتی سێدارەیان بۆ هەڵدەخەن، کاتێک ژنان لەسەر شەقامەکان دەگرن، بێڕێزییان پێدەکەن، لە زیندانیان دەخەن، کاتێک قوتابییان دەکەنە ئامانج و ژەهراوییان دەکەن، کاتێک مامۆستایانی قوتابخانە نانبڕاو دەکەن یان بە هەڕەشە و چاوسوورکردنەوە دەیانهەوێ ڕێگری لە بیرکردنەوە و پەروەردەی دروستی سەردەمییانەیان بکەن، کاتێک خاوەنی سەرمایە دەخەنە نێو تۆڕی گەندەڵی و هانی دەدەن کە کرێکار و چینی کەمداهاتی بەردەستیان بچەوسێننەوە و دێهەکە کەمداهاتەکانی کۆمەڵگاش ڕەوانەی بازاڕی کۆکردنەوەی زبڵ دەکەن و بە پانەوە سەرقاڵی هەڵلووشینی سامان و داهاتی گشتی وڵاتن بۆمان دەردەکەوێ کە کۆماری ئیسلامی لە بنەڕەتڕا یەک شتی بۆ ئامانجە؛ ئەویش لێدانی کەرامەتی مرۆڤەکانە. ڕێکاوڕێک ئەو شتەی کە خۆیان نییانە و چاویان بەرایی نادات خەڵکانی دیکەش هەیانبێت.

جا لەم نێوانەدا ئەو کەسانەی کە بیانهەوێ لەقاوی ئەو کرادرانە بدەن و ڕای گشتی لێ ئاگادار بکەنەوە یان هانی خەڵک دەدەن کە ڕووبەڕووی ئەو جۆرە تێفکرینە ببنەوە لەڕاستیدا زیاتر دەکەونە بە غەزەبی نوێنەرانی خودا لە سەر زەوی بۆیە ڕاپۆرتگەلی لەم چەشنەش بڵاو دەبێتەوە و ئێران دەبێتە یەکێک لە ١٠ وڵاتی یەکەمی جیهان لە بواری پێشێلکردنی ئازادیی ڕادەربرین.