کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"پڕۆژەی نور" و نەگۆڕیی دیکتاتۆر

19:52 - 19 بانەمەڕ 2724

ئەلبورز ڕوویین‌تەن

دوای ئەوەی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی لە کوردستان لەو پەڕی گەورەیی و شکۆدا بەڕێوە دەچوو، و بە تایبەتی لە کوردستان داواکان هەر زوو لە دژایەتیی پولیسی ئەخلاقەوە بۆ دژایەتی تەواوی ڕێژیم گۆڕابوون و؛ تەنانەت شۆڕش بە ڕەنگی ناسیۆنالیستی و نێوەڕۆکی کوردایەتی بەردەوام بوو؛ هەر ئەوکات دەنگۆی ئەوە داکەوتبوو کە ڕێژیم ئیتر دەست لە گۆشاری خۆی بۆ بە زۆر داپۆشینی ژنان هەڵدەگرێ. واتە ئیتر ژنان تا ڕادەیەکی زۆر دەتوانن بە دڵخوازی خۆیان لیباس لە بەر بکەن و تەنانەت ئەم دەنگۆیە کەم یا زۆر دیار و تا ڕادەیەکیش کاریگەریی لەسەر کەمبوونەوەی چالاکییەکان لە دەرەوەی کوردستان و بە تایبەتی لە تاران دانا.

لە کاتێکدا هەتا ئێستاش شۆڕشی ژن ژیان ئازادی لە کوردستان و بەتایبەتی لەسەر دەستی بنەماڵەی شەهیدان بەردەوامە، لە کاتێکدا حوکمی سێدارەدانی چالاکانی ئەو شۆڕشە یەک لە دوای یەک جێبەجێ دەکرێ و هاواری دایکانی زیندانییەکان گوێی ویژدان کەڕ دەکا بەڵام ناچێت بە گوێی دیکتاتوردا، لە کاتێکدا هەزاران زام و ناسۆری ئەو شۆڕشە کراوە و بەسوێن، ڕێژیم بە هەموو توانای خۆیەوە بە دوای جێبەجێ کردنی پڕۆژەی "نوور"ە کە بەگوێرەی ئەو پڕۆژەیە هێزەکانی ڕێژیم بەگژی بێ‌حیجابەکاندا دەچنەوە تا بە چارەنووسی ژینا ئەمینییان ببەن.

ئەوەی ئەمڕۆ لەژێر ناوی پڕۆژەی نور دەبینین وانەیەکی یەکجار زۆر گرینگی تێدا کە پێویستە هەموو لایەک وەبیری خۆیان بێننەوە. ئەو وەبیرهێنانەوە نەک بۆ ئەمڕۆ بەڵکوو بۆ سبەیش زۆر پێویستە، ئەویش وانەی نەگۆڕی دیکتاتۆڕەکان لەسەر ئەو بنەمایانەیە کە باوەڕیان پێیە، ئەویش پاشگەزنەبوونی دیکتاتورەکان لە کردار و گوتارەکانیانە، چونکە دەترسێن بە هەڵگرتنی یەکەم هەنگاوی پاشگەزبوون بەردەوام بێ تا نەمانیان، تەنانەت لەو کاتانەی کە لە ترسی نەمانیان ناچار بە هەندێک هەنگاوی بەرەو دواوە دەبن، لە یەکەم هەنگاوی نەمانی ئەو ترسە گەڕانەوەیانە بۆ دۆخی هەمیشەیی کە باوەڕیان پێیە دەگرنە بەر.

 

ئەو وانەیە لە جەختکردنی ڕێژیم لەسەر حیجاب زۆر دیارە، چونکە هەموو دونیا و خودی ڕێژیمیش باش دەزانن کە حیجاب ئەسلەن هەر بەڕێوە ناچی، تەنانەت لەو شوێنانەی هەشە ڕووکەشێکە، ئەو کراوەیی لەنێو کۆمەڵگەی ئێرانی هەیە لە زۆر کۆمەڵگەی ڕۆژئاواییشدا نییە، بەڵام ئەوەی ڕێژیم بە ناوی پڕۆژەی نوور دەیهەوێ بیکات ئەوەی کە نیشان بدات ڕێژیم هەنگاو بەرەو پاشەوە هەڵناگرێ، ڕێژیم بۆ ترساندن و توقاندن پڕۆژە بۆ بە زۆر داپۆشینی حیجاب دادەنێ بۆ ئەوەی بڵێ هێزی من ماوە و بەردەوامە.

لە لایەکی دیکە ئەو وانەیە نیشان دەدات ڕێژیم ناگۆڕێ و ناشتوانێ بگۆڕدرێ. لەو ڕۆژەی هەبووە چۆن بووە بەو شێوەیە بەردەوام دەبێ یا نامێنێ، لەوانەی هەر زوو ئەو پرسیارە بێتە ئاراوە بۆ ئێستاش کەس باوەڕی بە ڕێژیم یا گۆڕانی ماوە، دەکرێ بڵێم هەن چونکە ساڵانێکی زۆر خەڵکێک پێی وابوو ڕێژیم دەتوانن بگۆڕن، کەسانێکی زۆر ئێستاش بە دوای ئەوەن ڕێژیم بە جورێک بە دڵی خۆیان بگۆڕن بۆ ئەوەی بتوانن خاوەن دەسەڵات بن، یا ئەوانەی باوەڕیان بە هێزی خەڵک نییە بەدوای ئەوەوەن بڵێین ڕێژیم بەهێزە و دەمێنێ. بەڵام هەر وەک جین شارپ دەڵێ "نە دیکتاتۆرەکان ئەوەندە بەهێزن کە ئەوان پێیان وایە، نە خەڵک ئەوەندە لاوازن کە بیری لێ‌ دەکەنەوە" ئێمە ئەو ڕاستیە دەتوانین بەباشی لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ببینین، چونکە ڕێژیم هەر بە خۆی سەلماندوویەتی کە چەندە لاوازە و خەڵکیش لە شۆڕشی ژن ژیان ئازادیدا دەریخست کە چەند بەهێزە.

هەر بۆیە ڕێژیمی دیکتاتور هیچ کاتێک یەک هەنگاو لە بەرژەوەندیی خەڵک هەڵناگرێ و لە هەموو کردەوە دژە مرۆڤانەی خۆی بەردەوام دەبێ چونکە مانی ڕێژیم بەو شێوازە بەڕێوەبردنەوە مومکینە، لە بەرانبەریشدا خەڵکیش مکوڕە کە ڕێژیم نابێ بمێنێ، هەر وەک ویکتور هۆگۆ دەڵێ "ئەگەر دیکتاتوری ڕاستییەکە کە هەیە، ئەو کات شۆڕشیش مافە".