کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مانگرتن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە

17:17 - 29 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: سەرەڕای زەخت و گووشارەکانی رێژیم، دووکاندار و بازاڕییانی شارە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێداگرن لەسەر وەدیهێنانی داواکارییەکانیان.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، پاش چوار ڕۆژ لە مانگرتنی کاسبکاران و دووکاندارانی چەند شاری سنووریی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕێژیم نەتەنیا وەڵامێکی ئەوتۆی بە داواکارییەکان نەداوەتەوە بەڵکوو دەیهەوێ بە ‌چاوسوورکردنەوە کۆتایی بە مانگرتنەکە بهێنێ.

بەپێی دوایین زانیارییەکان ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٩ی خاکەلێوە، دوو شاری مەهاباد و پیرانیشاریش بەو مانگرتنە پەیوەست بوون؛ لە زۆربەی ئەم مانگرتنانەدا بەشێوەی سەمبۆلیک و بە نیشانەی ئێعتراز بە سیاسەتی قڕکردنی خەڵکی هەژار لە کوردستان، مانگرتووان سفرەی خاڵییان ڕاخستووە و ڕایانگەیاندووە:سفرەی بەتاڵی ئێمە نانی دەوێ.

تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە مانگرتنی جەماوەر و کاسبکارانی حەوت شاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان جوانڕۆ، مەریوان، بانە، سەقز، سەردەشت، پیرانشار و مەهاباد لە ناڕەزایەتی بە داخرانی سنوورەکان بەردەوامە و زۆرینەی دووکان و بازاڕی ئەو شارانە داخراوە و خەڵکی ناڕازی لەنێو شەقام و کۆڵان و بەردەم فەرمانداریی شارەکان سفرەی بەتاڵیان راخستووە.

ماوەی چەند مانگێکە بە بڕیارێکی رێژیم، سنوورە کۆڵبەرییەکانی نێوان باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە سەرچاوەی بژیوی سەدان هەزار کاسبکار و دووکاندار و کۆڵبەری شارە سنوورییەکانە، داخراوە و ئەمەش بووەتە هۆی بێکاری زیاتری خەڵک.

بەپێی دوایین زانیارییەکان هێزە چڵکاوخۆرەکانی رێژیم گوشاریان بۆ کاسبکار و دووکانداران هێناوە و دەیانهەوێ بە زۆرەملی و هەڕەشە و چاوسوورکردنەوە کۆتایی بە مانگرتنەکان بهێن و بازار و دووکانەکان بە خەڵک بکەنەوە، بەڵام مانگرتنی جەماوەری بەبێ‌گوێدان بەم هەڕەشانە بەردەوامە.

لەم شارانەدا ڕێژیم لە ترسی خۆپیشاندان و بەرینتربوونەوەی ئەم ناڕەزایەتییانە، هێزێکی زۆری چەکدار و ئیتلاعاتییان لەنێو خەڵک و کووچە و کۆڵانەکان بڵاوە پێکردووە و ڕێوشوێنێکی توندی ئەمنی و سەربازییان گرتۆتە بەر.

هەتا ئێستا زیاتر لە دە کەس لە جەماوەری ناڕازی و کاسبکاران دەسبەسەر کراون؛ ئەمەش لەکاتێکدایە کە بەناو نوێنەری سەردەشت و پیرانشار لە مەجلیسی ڕێژیم بە هەواڵدەرییە ناوچەییەکانی وتووە: هەندێک لە بەرپرسانی حکوومەتی باوەڕ ناکەن کە بە داخستنی سنوورەکان زیاتر لە ٧٥ هەزار کۆڵبەر بێکار بوون و گاڵتەمان پێدەکەن!