کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مانگرتنی دووبارە لە شارەکانی کوردستان

16:49 - 26 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: بۆ جارێکی دیکەش خەڵکی چەند شاری کوردستان لەهەمبەر دۆخی شپرزەی ئابووریی و داخرانی سنوورەکان دووکان و بازارەکانیان داخست.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، بازاڕییان و دووکاندارانی شارەکانی بانە و جوانڕۆ ئەمڕۆ ٢٦ی خاکەلێوە بۆ چەندەمین جار لە یەک مانگی ڕابردوودا مانگرتنیان ڕاگەیاند و دووکان و بازارەکانیان داخست.

ڕۆژی سێ شەممە ڕێکەوتی ١٤ی خاکەلێوە، بازاڕیان و دووکاندارانی شارەکانی: سەقز، جوانڕۆ و مەریوان بە داخستنی بازاڕ داوای کردنەوەی سنوورەکانیان کرد؛ هەروەها ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٥ی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٩٦، دووکاندار و بازاڕیانی پیرانشار و بانە بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بە داخستنی سنوورەکان مانیان گرت، کە بە هۆی دەستێوەردانی هێزەکانی ئیتلاعات و دروستکردنی فشار لەسەر بازاڕیان مانگرتنەکەیان شکاند.

ژیانی خەڵکی کوردستان بەتایبەت لە شارە سنوورییەکانی وەک مەریوان، سەقز، بانە و جوانڕۆ بەستراوەتەوە بە جووڵەی بازاڕە سنوورییەکان و رێژیم لە کۆتاییەکانی ساڵی ڕابردووەوە بەمەبەستی قڕکردنی خەڵک ئەم سنوورانەی داخستووە؛ ئەمەش بووەتە هۆی ناڕەزایەتی دەربڕینی بەردەوامی خەڵک.

سەرەڕای ئەوەیکە لێپرسراوانی ڕێژیم هەوڵ دەدەن تاوانی وەزعییەتی خراپی ئێستای ژیان و گوزەرانی خەڵک لە ملی خۆیان داماڵن خەڵک زۆر ڕاشکاوانە باس لەوە دەکەن کە داخرانی سنوورەکان درێژکراوەی ئەنفال و قڕکردنێکە کە لە کەرکوک و عەفرینەوە بە شێوەی ئاشکرا دەستی پێکردووە و لە ڕۆژهەڵاتیشدا بە شێوەی داخستنی ڕێگای کاسبی و بڕینی نانی سفرەی تاک تاکی خەڵکی کورد زمان لەم پارچەی کوردستان درێژەی پێدەدرێت.