کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مانگرتنەکانی بانە بوونەتە ڕەمزێک بۆ خەبات

16:07 - 11 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: مانگرتنی شاری بانە پێی نایە حەڤدەیەمین ڕۆژی خۆی و هەوڵەکانی رێژیم بۆ خەوشدارکردنی مانگرتنەکان بێ ئاکام ماوەتەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، مانگرتنەکانی شاری بانە لەکاتێکدا پێی ناوەتە حەڤدەیەمین ڕۆژی خۆی کە بژیویبڕانی کۆماری ئیسلامی بەردەوام هەڕەشە لە چالاکانی شاری بانە دەکەن و بۆ ترساندنی خەڵکی ناڕازی هێزی دژی‌گەلییان خزاندۆتە نێو ئەم شارە.

بەپێی دوایین هەواڵە پێوەندیدارەکان پاش نیزیک بە ٢٠ ڕۆژ لە مانگرتنی کاسبکاران و بازاڕییان و دووکاندارانی شاری بانە، نەتەنیا ڕێژیم ئامادە نەبووە وڵامێکی ئەوتۆ بە داخواز و داواکارییەکانی خەڵک بداتەوە بەڵکوو وەک چاوەڕوان دەکرا بۆ تێکدانی هێمنیی مانگرتنەکان و تێکدانی ڕەوشی بانە هێزی دژە شۆڕشی هێناوەتە نێو شار.

ئەم هەوڵە نوێ بەڵام کرچ‌وکاڵەی ڕێژیم دوابەدوای ئەوە هاتۆتە ئاراوە کە ناڕازییانی بانە ملکەچی هەڕەشە و گوڕەشە و بەڵێن و وادە بێبنەماکانی فەرماندار و نوێنەرانی ڕێژیم نەبوون و یەکهەڵوێست نایان بە ڕێژیم وتووە.

بەردەوامی و یەکهەڵوێستی خەڵکی شاری بانە ئەوەندە کارتێکەرییەکەی زۆرە کە هەنووکە بەشێک لە چاودێران و چالاکانی سیاسیی کوردستان وەک ڕەمزی خەباتی نوێی گەلی کورد ناوی لێدەبەن؛ بەوتەی ئەم کەسانە داخستنی دووکان و بازاڕەکانی شاری بانە بۆ پساندنی زنجیری ستەمکارییە و داخستنی شارە بەڕووی دەسەڵاتی تاڵانچی تاکوو داهاتووی خۆیان بکەنەوە، بۆیە مانگرتنی بانە بووەتە ڕەمزێک بۆ خەبات.

بەڕای کارناسان و چاودێران ئەوەیکە ئێستا پێویستە بکرێت پشتیوانی هەمەلایەنەی خەڵکی کوردستان بەتایبەت شارە سنوورییەکانە تاکوو یەکگووتاری کورد جارێکی دیکە لەرزە وە پەیکەری لەرزۆکی ڕێژیم بخات.

سەرەڕای تێپەڕینی ١٧ ڕۆژ لە مانگرتنی دوکاندارانی شاری بانە، هەتا ئێستا لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕێژیم وڵامی داخوازیی دوکاندارانی مانگرتوویان نەداوەتەوە.