کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مانۆڕی سەربازی لە بانە بەڕێوە دەچێ

17:26 - 8 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: ڕێژیمی تاران لەباتی ئاوڕدانەوە لە کیشە مەعیشەتییەکانی خەڵکی کوردستان بەتایبەت پاش مانگرتنەکانی ئەم دواییانە سەرقاڵی بەڕێوەبردنی مانۆڕی سەربازییە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا هێزەکانی ئەرتەشی ڕێژیم لە گوندی بۆیەنی شاری بانە جێگیر کراون و بە چەکوچۆڵی قورسی وەک کاتیۆشا، تۆپ و جبەخانەی قورس سەرقاڵی لێدانی ژینگەی ئەم ناوچەن.

ئەم مانۆڕە لە کاتێکدا بەڕێوە دەچێ کە ماوەی زیاتر لە دوو حەوتوویە خەڵکی شاری بانە دژ بە سیاسەتی داخستنی سنوورەکان و قڕکردنی گەلی کورد مانیان گرتووە و داوای پێڕاگەیشتنی جیددی بە ویستە ڕەواکانیان دەکەن بەڵام ڕێژیم بێ‌گوێدان بەم داواکارییانە سەرقاڵی بەڕێوەبردنی بەرنامە سەربازییەکانی خۆیەتی.

بەشێک لە کارناسانی کاروباری کوردستان پێیان وایە ئەم چەشنە کارانەی ڕێژیم لە هەلومەرجێکدا کە خەڵک بۆ دابین کردنی پێداویستییەکانی ژیانی رۆژانەی ڕژاوەتە سەر شەقام، چەشنێک لە خۆنیشاندانی سەربازی بەمەبەستی ترساندنی خەڵکی ناڕازییە.

جیا لەم پرسەش ئەنجامدانی مانۆری سەربازی لە شوێنێکی وەک بۆیەنی بانە هەوڵێکی سیستماتیکی ڕێژیمە بۆ تێکدانی ژینگەی ڕازاوەی ئەم ناوچە.