کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ململانێکانی نێوان عەرەبستان و ئێران تووندتر دەبنەوە

17:07 - 11 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران لە وڵامدانەوەیەکی توند بە قسەکانی جێنشینی پاشای عەرەبستان، ناوبراوی بە کاڵ فام و بێ ئەزموون ناو بردووە.

پاش قسەکانی جێنشینی پاشای عەرەبستان، وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران بە زمانێکی زبر و سووک، کاردانەوەی نیشان داوە.

محەممەد بن سەلمان، جینشینی پاشای عەرەبستان کە هاوکات بەرپرسایەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەشی لە ئەستۆیە، حەوتووی ڕابردوو لە وتووێژێکدا لە گەڵ رۆژنامەی واڵ ستریت ژورناڵ (The wall street journal)، باسی لەوە کردبوو کە ئەگەر نەتوانین لە ڕێگەی گوشاری سیاسی و گەمارۆکانەوە پیش بە ئێران بگرین، لە داهاتوودا ناچار دەبین بە هێزی سەربازی ڕووبەڕووی ببینەوە.

بەهرام قاسمی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عەرەبستان، ڕۆژی هەینی ١٠ی خاکەلێوەی ١٣٩٧ی هەتاوی لە وڵامدانەوەیەکدا ڕایگەیاندووە: محەممەد بن سەلمان کەسێکی گەنج، کاڵ فام و بێ ئەزموونە، ئەو یان نازانێت شەڕ چییە یان مێژووی نەخوێندوەتەوە یان هەرگیز لەگەڵ کەسانی گەورە و بەئەزموون دانەنیشتووە، هەروەها پێشنیاری بە جێنشینی عەرەبستانی سعوودی کردووە کە لە چارەنووسی سەدام حوسەین دەرس وەرگرێت.

بن سەلمان پیشتر وتبووی: ئێمە لە ئۆرووپا ئەو ئەزموونەمان وەرگرتووە کە تەعامۆڵ و نەرمی نواندن وڵامدەر نییە، ناتوانین ئیزن بە هیتلێری سەردەم لە تاران بدەین تا ئەوەی بەسەر ئۆرووپادا هات، لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش ڕوو بدات.