کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مووچەی کرێكاران لە ساڵی ٩٧دا لە ئاستی ژیانیان نییە

15:30 - 29 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: بڕە بوودجەی دابینکراو بۆ مووچەی کرێکاران، لە ساڵی ٩٧ی هەتاوی، لە ئاستی ژیانیاندا نییە.

شۆرای باڵای کاری ڕێژیم، لانیکەمی مووچەی ساڵی ٩٧ی لەسەدا ٧/١٩ی زیاد کرد، کە هێشتا لە ئاستی دابینکردنی ژیانێكی ئاساییدا نییە.

بەپێی بوودجەی پەسەندکراوی شۆرای بەرزی کار بوودجەی حەقدەست بۆ ساڵی داهاتوو، یەک میلیۆن و ١١٤ هەزار تمەن دیاری کرابوو، بەڵام لە ئاستی بژیوی ژیان کە ٢ میلیۆن و ٧٠٠ هەزار تمەنە زۆر کەمە.

ئەندامانی شۆرای بەرزی کاری ڕێژیم، پێشتر داوایان کردبوو، کە مووچەی کرێکاران لە ئاستی ژیانیاندا بێت، بەڵام ئەم داوایە پشتگوێ خرا.

بەو شێوەی کە لە میدیاکانی ناوخۆدا بڵاو بووەتەوە، کە ئەم بڕیارەی شۆرای بەرزی کاری ڕێژیمی ئێران، لەگەڵ کاردانەوەی توندی گرووپی خاوەنکارانی شۆرای بەرزی کاری لێ کەوتۆتەوە.

ئەسغەر ئاهەنی، ئەندامی خاوەنکارانی شۆرای بەرزی کار، زیاد کردنی مووچەی کرێکارانی بە زیانی بەرهەمە نێوخۆییەکان زانی.

ئەم ئەندامەی خاوەنکارانی شۆرای بەرزی کار، پێشتر وتبووی: کە دەوڵەت ئامادە نییە، بەشی خۆی لە زیادکردنی تێچووە غەیرەخۆراکییەکان قەبووڵ بکات.

ئەندامانی خاوەنکارانی شۆرای بەرزی کار، لە دانیشتنە پێشووەکانیاندا، حەقی دابینکردنی خانوبەرە، تەندروستی و پەروەردەی بنەماڵەکان بە ئەرکی دەوڵەتیان پێناسە کردبوو.

بەم پێیە بڕی مووچەی کرێکاران، بۆ ١٨٤ هەزار تمەن زیاد بووە، کە ئەم بڕە پارەیە ناتوانێت ژیانێکی ئاسایی دابین بکات.

دامەزراوە کرێكارییەکان داوایان کردبوو، کە بوودجەی مووچەی کرێکاران، بۆ بڕی ٥ میلیۆن زیاد بکرێت.

پێتر ٥٠ دامەزراوەی کرێکاری سەربەخۆ، داوایان لە کرێکاران کردبوو، لە کاتی پەسەندکردنی بوودجەی کەمتر لە بڕی دیاریکراو، ناڕەزایەتییەکان بە شێوەیەکی فراوان دەست پێ بکەنەوە.