کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە ئێپێدیمییەکان لە ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکانی کرماشان

17:20 - 23 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: پاش زیاتر لە ٥ مانگ لە ڕووداوی دڵتەزێنی بوومەلەرزەی ئزگلە لە کرماشان، هێشتا خەڵک بە دڵەڕاوكێ و بێ‌ سەرپەنای شیاو دەژین.

٥ مانگی رابردوو بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەی کرماشان ٥ مانگ لێوانلێو لە نەهامەتی و ترس و دڵەڕاوکێ بوو؛ لەلایەکەوە خەمی لەدەستدانی ئازیزان و لەنێوچوونی ژیان و ماڵ، لەلایەکی دیکەوە بەدی نەکردنی هیچ ئاسۆیەکی ڕوون و ناچار بوون بە ڕووبەڕووبوون لەگەڵ کێشەگەلێک کە ڕەنگە هیچ کات بیریان لێ نەکردبێتەوە؛ کێشەگەلی وەک بەفر و باران و شەختە و سەرما و نەخۆشییەکانی ئەم وەرزە، مردنی منداڵانی کەم تەمەن بەهۆی سەرمابردوویی و نەبوونی کەلوپەلی گەرمکەرەوە، نەبوونی سەرپەنای گونجاو و کانێکس و خێوەتی لاواز و گڕگرتنیان، نەبوونی ئیمکانات و سرویسی بێهداشتی و لە ئێستاشدا بەرەبەرە نیزیک‌بوونەوە لە وەرزی گەرما و هاتنی چەندین جۆر خشۆکەی وەک مار و دووپشک و هەزارپێ و ئەگەری بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە ئێپێدیمییەکانی وەک کولێرا و ڕەشەڕشانەوە و دوومەڵ!

جێگری وەزیری بێهداشتی ڕێژیم لە نوێترین لێدوانیدا باسی لەوە کردووە کە بەهۆی دۆخی نالەباری ژیان و بوونی زێرابەکان و زبڵ و زاری بڵاوکراوە لەو ناوچانە، ئەگەری سەرهەڵدانی کێشەی جیددی تەندرووستی لەوانەش نەخۆشییە ئێپێدیمییەکان لە ئارادایە و دەبێ بیرێکی کارسازی بۆ بکرێتەوە.

عەلیڕەزا ڕەئیسی لەمبارەوە وتوویەتی: بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییە کە پلەی گەرمیی هەوا لەم ناوچانە دەگاتە سەرووی ٤٠ پلە، بە دووری نازانین کە نەخۆشییەکانی وەک کولێرا و ڕەشەڕشانەوە و دوومەڵ بڵاو ببێتەوە.

ناوبراو لەم لێدوانەیدا بۆ ئیسنا دەڵێ: جیا لەم مەترسییە دەبێ ئەوەشمان لە بیر بێت کە مار و دووپشک و خشۆکە ژاراوییەکانی دیکەش لەم ناوچانە بڵاو بوونەتەوە کە جیا لە تەندرووستی جەستەیی، باری ڕەوانی و دەروونی خەڵکیشی تێک داوە.

وتوویشیەتی: توانایی ئێمە لەباری کۆنتڕۆڵ و چارەسەری کێشە تەندرووستییەکان سنووردارە و کێشەکان لەوە زیاترن کە بتوانین بەسەریاندا زاڵ ببین بۆیە دەبێ خەڵک بۆ خۆیان بیرێک بکەنەوە!