کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕەزایەتی و بێزاری لە کاتی ئاخاوتنەکانی عەلیڕەزا ئاوایی

15:08 - 9 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: لە کاتی ئاخاوتنەکانی وەزیری بەناو دادوەریی ڕێژیمی ئێران، لە کۆبوونەوەی شۆرای مافی مرۆفی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەندێ لە دیپلۆماتەکان کۆبوونەوەکەیان بەجێ هێشت.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاسۆشیتێدپرێس، هەندێ دیپلۆمات، لە کاتی ئاخاوتنەکانی عەلیڕەزا ئاوایی، وەزیری بەناو دادوەریی ڕیژیمی ئێران، لە کۆبوونەوەی ٣٧ـەمین دانیشتنی شۆرای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی، کۆبوونەوەکەیان بەجێ هێشت.

ڕۆژی سێشەممە ٨ی ڕەشەممەی ١٣٩٦ی هەتاوی، شۆرای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان ٣٧ـەمین کۆبوونەوەی خۆی بەڕێوە برد، لەو کۆبوونەوەیەدا عەلیڕەزا ئاوایی وەزیری دادوەری ڕێژیمی ئێرانیش بەشداری کردووە.

عەلیڕەزا ئاوایی، پێش لەوەی کە ببێتە دادوەری گشتی، یەکێک لە ئەندامانی کۆمیسیۆنی مەرگ لە پارێزگای خوورستان بووە و بڕیاری کوشتن و ئیعدام کردنی هەزاران کەسی واژۆ کردووە، بەتایبەت لە دۆسییەی کوشتاری ٣٠ هەزار زیندانیی سیاسی لە ساڵی ١٣٦٧ی هەتاویدا (١٩٨٨ی زایینی) ناوی بە چەندین جار هاتووە.

لەو دانیشتنەدا عەلیڕەزا ئاوایی، بە هۆی بە فەرمی ناسینی ئورشەلیم وەک پێتەختی ئیسرائیل لە لایەن ئامریکا و هەروەها گەمارۆی سەربازیی یەمەن لە لایەن هاوپەیمانەتی عەرەبییەوە، ڕەخنەی لە ئامریکا و عەرەبستانی سعوودی گرتووە.

هەواڵدەرییەکانی فەڕانسە باس لەوە دەکەن، لە کاتی ئاخاوتنەکانی ناوبراودا، وێڕای چوونەدەرەوەی هەندێک لە دیپلۆماتەکان، بە سەدان کەس لە دەرەوەش کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوە بردووە.

شایانی باسە، کە بەشداربوونی عەلیڕەزا ئاوایی لەو دانیشتنەدا لە حاڵێکدایە، کە لە ڕەزبەری ساڵی ١٣٩٠ی هەتاویدا، لە لایەن یەکیەتی ئۆرووپاوە ناوبراو و ٢٨ کەسی دیکەی لە بەرپرسانی ڕێژیم لە نێو لیستی گەمارۆدا هەبوون.