کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نرخی کتێبە دەرسییەکان زیاد دەکرێت

22:19 - 27 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: بۆ ساڵی خوێندنی ٩٧ ـ ٩٨ی هەتاوی، نرخی کتێبە دەرسییەکان بەرز دەبێتەوە.

جێگری پەرەپێدانی سەرچاوە و پاڵپشتیی ڕێکخراوی لێکۆڵینەوە و پلانداڕێژی پەروەردە، بەهای کتێبە دەرسییەکانی خولی سەرەتایی ڕایگەیاندووە، کە نرخی کتێبەکانی پۆلی یەکەم ١٤ هەزار و٤٠٠ تمەن، پۆلی دووهەم ١٥هەزار و٦٠٠ تمەن، پۆلی سێهەم ٢٠ هەزار و٣٠٠ تمەن، پۆلی چوارەم ٢٠ هەزار و٤٠٠ تمەن، پۆلی پێنجەم ٢٠هەزار و٩٠٠ تمەن و پۆلی شەشم ٢٤ هەزار و ٧٠٠ تمەن دەبێت.

ئەمە لە حاڵێکدایە، کە بەپێی ئەسڵی ٣١ی یاسای بنەڕەتیی ئێران، خوێندن هەتا قۆناغی دواناوەندی دەبێت بەخۆڕایی بێت و هەرەوەها لە ئاستی خوێندنی باڵایش بەپێی تواناکان و داهاتی وڵات، دەبێت خزمەتگوزارییەکان بێبەرامبەر بێت.

بەڵام سیستمی پەروەردەیی ڕێژیم سەرەڕای کێشە و گرفتەکانی و دواکەوتوویی لە ئاستی جیهاندا، هەموو ساڵێک نرخی کتێبە دەرسییەکان زیاد دەکرێت و جێگەی ئاماژەیشە بۆ خزمەتگوزارییەکانی دیکەیش لە چوارچێوەی شەهرییەی قوتابخانە، لە ساڵدا چەندین جار پووڵ لە بنەماڵەی قوتابیان وەردەگیرێت.

تەنانەت لە ئاستی جیهاندا سەبارەت بە خوێندن و پەروەردە لە جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤدا هاتووە، کە هەموو کەسێک مافی ئەوەی هەیە، لە پەروەردە بەهرەمەند بێت و خوێندن لە قۆناغی سەرەتایی بەخوڕایی و تەنانەت بەناچاری بێت.

بەڵام ڕێژیمی ئێران کەمترین بوودجە و خزمەتگواریی بۆ بەشی پەروەردە و زانست دابین دەکات و تەنیا گرنگی بە پەروەردەی ئایینی دەدات و ئاستی زانستی کۆمەڵگا و بردنە سەروەی ئاستی سیستمی پەردوەردە بە نیسبەت جیهان لەبەرچاو ناگرێت.