کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

\"نێ\" ڕێژیمی داگیرکەری دەرکرد

18:20 - 5 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: ڕێژیمی داگیرکەری ئیسلامیی ئێران، لە بەرانبەر خۆڕاگری و شۆڕشگێڕیی خەڵکی گوندی نێــی دێموکراتپەروەر پاشەکشەی کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، هێزە داگیرکەر و جەنایەتکارەکانی ڕێژیمی تیڕۆریستی ئیسلامیی ئێران، لە دوای هێرش بۆ سەر خەڵکی شوڕشگێڕی نێ و پەلاماردانی خەڵکی ئەو گوندە. لە بەرانبەر خۆڕاگریی خەڵکی ئەو گوندە پاشەکشەی بە هێزە خوێنڕێژەکانی خۆی کرد.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا ڕایگەیاندووە: به بیانووی بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی نەورۆز زیاتر لە ١٠ لاوی گوندی نێ له لایەن هێزەکانی ڕێژیمەوه دەسبەسەر کراون.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە درێژەدا باسی لەوە کرد، زیاتر له ٥٠ کەس له خەڵکی نێ ڕۆژی ڕابردوو چوونەته بەردەم دەرکی فەرمانداریی مەریوان و به نیشانەی ناڕەزایەتیی لە هەمبەر دەسبەسەرکراوانی لاوانی نێ و هێرشی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران، فەرماندار و بەرپرسانی ئیتلاعاتی ڕێژیم بڕیاری ئازادیی لاوان و هەڵگرتنی گەمارۆی دەوری نێیان دا.

لە درێژەی ئەو ڕاپۆرتەدا هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا ڕایگەیاند، دوو بەکرێگیراوی سەر بە ڕێژیمی ئێران بە ناوەکانی ج. ی و س. ک، پێنج ڕۆژ پێش نەورۆز هێزەکانیان بردووەتە گوندی نێ و هەر هەمان ڕۆژ دوو باندی مۆسیقا کە خەڵک بۆ مەراسمی جێژنی نەتەوەیی نەورۆز ئامادەیان کردبوو، لەگەڵ خۆیان کۆیان کردۆتەوە و بردبوویان.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە ئەو دوو چڵکاوخۆرەی ڕێژیم، دواتر خەڵکی گوندی نێ لە خۆیان کۆ دەکەنەوە و بۆ چەواشەکاری خەڵک و بەلاڕێدا بردنی لاوەکان و خۆشخزمەتی زیاتر بە دەسەڵاتدارانی تاران و جەماران قسەیان کردووە.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان باسی لەوەش کرد، کە ئەو دوو بەکرێگیراوە هەر لەو ڕۆژەدا پێش ئەوەی کە بچن بۆ گوندی نێ، لەگەڵ فەرماندەی سپای پاسدارانی مەریوان کۆ بوونەتەوە و خۆیان بۆ سەرکوت و بێدەنگ کردنی خەڵک ئامادە کردبوو و ئێستەش دەیانەوێ وا خۆ بنوێنن، کە خۆیان بە نێوبژیوانی خەڵک بزانن و بێتاوانی خۆیان نیشان بدەن.

داوا لە خەڵک و لاوانی کوردستان، بەتایبەت لاوانی مەریوان کراوە، باوەڕ بە بێتاوانی ئەم دوو کەسە نەکەن و لێیان نزیک نەبنەوە.