کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نێتانیاهۆ: شەڕ لەگەڵ ڕێژیمی پشتیوانی تیرۆر لە هەر شوێنێک بێت ئەرکە

23:03 - 8 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: نێتانیاهۆ لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی فەرانسە و ئاڵمان باسی نوێکردنەوەی ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی لەگەڵ ڕێژیمی ئێرانی خستە بەر باس.

لەگەڵ نزیکبوونەوەی دوا مۆڵەت بۆ نوێکردنەوەی ڕێککەوتننامەی بەرجام و بڕیاردان لە بارەیەوە لە مانگی مەی لە لایەن سەرۆککۆماری ئامریکا، وەزیرانی دەرەوەی فەرانسە و ئاڵمان لە کاتی ئێستادا لە سەر ئەگەری گۆڕینی ڕێککەوتننامەی ناوەکی لەگەڵ بریتانیا و واشینگتۆن گفتوگۆ دەکەن و لەو بارەیەوە لەگەڵ بنیامین نێتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دیداریان کرد.

نێتانیاهۆ لە پێش دیداری لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەرانسە گوتبووی: پێویست دەکات ئیسرائیل و فەرانسە لە کاتی بەرەنگاربوونەوەی تێرۆریستەکان و هەروەها لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێژیمی پشتیوانی تێرۆر لە هەر شوێنێك بێت لە پاڵ یەک ڕاوەستن.

لە نێوان سێ دەوڵەتی بەشدار لە ڕێککەوتننامەی بەرجام ، فەرانسە زیاتر لە هەر لایەنێک توندترین هەڵوێستی بۆ گۆڕینی بەرجام هەیە.

پێشتریش کاناڵی ١٠ی ئیسرائیل بڵاوی کردبووە، نێتانیاهۆ بە وەزیرانی دەرەوەی ئورووپایی وتووە کە ئامریکا بە ئەگەرێكی زۆرەوە لە ڕێککەوتننامەی بەرجام دێتە دەرەوە.

هاوکات کاتێک وەزیری دەرەوەی ئاڵمان گوتبووی: ئاڵمان پێی وایە هەبوونی یەک ڕێککەوتنامە باشتر لە ئاڵترناتیڤێکه لە وەڵامدا نێتانیاهۆ وتبووی: ڕێککەوتننامەی مونیخیش لە ساڵی ١٩٣٨ یەک ڕێککەوتنامەبوو.