کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆکاری گرتنی دوو ناسنامەییەکان بە تۆمەتی سیخوڕی

15:35 - 12 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: هۆکاری سەرەکی دەسبەسەرکردن و تۆمەتبارکردنی کەسایەتییە دوو ناسنامەییەکان لە لایەن ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە ئاشکرا کرا.

ڕۆژی دووشەممە ٧ی ڕەشەمەی ١٣٩٦ی هەتاوی مستەفا کەواکبییان، ئەندامی کومیسیۆنی ئەمنیەتی میللی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران، داوای کردبوو تا سنووری ئەرک و سەڵاحییەتەکانی هەرکام لە وەزارەتی ئیتلاعات و سازمانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران ڕوون و ئاشکرا بێت.

ئەم نوێنەرەی مەجلیس ڕایگەیاندووە: دیاریکردن و سابت کردنی سیخوڕ بوونی کەسێک کاری وەزارەتی ئیتلاعات و دەسبەسەر کرانیشی ئەرکی هێزی دادوەرییە، بەڵام لە ئێران سازمانی ئیتلاعاتی سپا بە بێ گوێدان و وڵامدانەوە بە هیچ لایەنێک دەست دەداتە دەسبەسەر کردن و تۆمەتبار کردنی نەفەرات.

کەیهانی لەندەن لە ڕاپۆرتێکدا لەو بارەوە نووسیویە: دەسبەسەر و زیندانی کردنی کەسانی دوو ناسنامەیی بە تۆمەتی سیخوڕی، تاکتیکێکی سازمانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ئێرانە بۆ وەرگرتنی پارە لە وڵاتانی دیکە، لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە: لەو کاتەی کە ڕێژیم لە زۆر بواردا کەوتووەتە بەر گەمارۆ و ناتوانێ لەگەڵ وڵاتان سات و سەودای بازرگانی بکات، سپای پاسداران بە قۆڵبەست و زیندانی کردنی کەسانی دوو ناسنامەیی مامەڵەی سوودئاوەر دەکات.

ئازاد کرانی سەعید عابدینی، ئەمیر میرزایی حکمەتی، جەیسۆن ڕەزاییان و نۆسرەتۆڵا خوسرەوی، کە شارومەندی ئێرانی ئامریکایی بوون بڕی ٤٠٠ میلیۆن دۆلاری بۆ سپای پاسداران سوود بەدواوە بووە، هەروەها لە پێناو ئازاد کردنی نازەنین زاغەری شارۆمەندی ئێرانی بریتانیایی بڕی ٤٠٠ میلیۆن پۆند سوودی بووە.

سازمانی ئیتلاعاتی سپا بەردەوام چالاکانی سیاسی، رۆژنامەنووسان و ناڕازیان بە تۆمەتی سیخوڕی و هاوکاری لەگەل وڵاتانی دەرەوە و دژبەرانی شۆڕش قۆڵبەست و زیندانی دەکات، ئێستاش لە ئاستێکی بەریندا ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی دووناسنامەییەکان لە بەشە جۆربەجۆرەکان و بەتایبەت ژینگە پارێزان کردووە، ئەویش بەو هۆیەی کە لە کۆتایی ئەو جۆرە پەروەندانەدا پارەی گەورە گەورە دەست سازمانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران دەکەوێت.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، تۆمەتی سیخوڕی وەپاڵ زۆربەی گیراوانی ناڕەزایەتییەکانی زستانی ئەمساڵ، چالاکانی ژینگە پارێزی و هەروەها ناڕازیان بە ڕوسەری زۆرەملێ، داوە و ئەوانیان بە کار بۆ ئامریکا، ئیسرائیل و دژبەرانی خۆیان تۆمەتبار کردوون.