کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێشتا دە هەزار مین لە کرماشان هەڵنەگیراون

17:06 - 29 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: فەرماندەییی ئەرتەشی ڕێژیم لە کرماشان، ڕایگەیاندووە: لە گۆڕەپانی مینەکانی پارێزگای کرماشان دە هەزار مین هەیە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییە نێوخۆیییەکانی ڕێژیم، فەرهاد ئاریانفەر یەکێک لە فەرماندەکانی ڕێژیم، سەبارەت بە پاکتاوکردنەوەی گۆرەپانەکانی مین، ڕایگەیاندووە: کە تەنیا ٢ لەسەد لە گۆڕەپانی مینەکان ماون، کە پاکتاو بکرێنەوە و ١٠ هەزار مینیان تێدایە.

بە وتەی ئەو فەرماندەییەی ڕێژیم، زۆرینەی مینە چیندراوەکان لە پارێزگای کرماشان، لە ڕۆژئاوا، باکووری ڕۆژئاوا و باکووری ئەو پارێزگایەن، کە هێشتا زۆربەیان پووچەڵ نەکراون و بە هۆی بارین لە ژێر خاک ماون.

پارێزگاکانی ڕۆژهەلاتی کوردستان، بە هۆی شەڕی ئێران و عێراقەوە، لە لایەن هەر دوو ڕێژیمی ئێران و بەعس، مینڕێژ کراون و لە لایەکی دیکەشەوە، ڕوانگەی ڕێژیمی ئێران لە بارەی مەترسیداربوونی شارە کوردنشینەکان بۆ سەر دەسەڵاتی خۆی، بووەتە هۆی ئەوەی کە ڕێژیم سنووری شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان مینڕێژ بکات.

بە هۆی مینڕێژکرانی سنوورەکانی کوردستان، هەموو ساڵێک خەڵکێکی زۆر لە شارە کوردنشینەکان، گیانی خۆیان لە دەست دەدەن، یان تووشی خەساری جەستەیی و ماڵی دەبن و ڕێژیمی ئێرانیش بەئەنقەست مینەکانی ئەو ناوچانە پووچەڵ ناکاتەوە.