کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەوڵێکی مرۆڤتەوەرانە بۆ پشتگیری لە مانگرتنەکانی بانە

15:39 - 10 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: بەمەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین لەهەمبەر سیاسەتی قڕکردنی گەلی کورد لەلایەن کۆماری ئیسلامی و پشتیوانی کردن لە خەڵکی مانگرتووی شاری بانە، پزیشکێکی ئەم شارە هەوڵێکی مرۆڤتەوەرانەی خستە گەڕ.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، دوکتور هوشیار ئەحمەدی کە یەکێک لە پزیشکە خۆشناوەکانی شاری بانەیە، لە هەوڵێکی سەرنجڕاکێشدا و بۆ پشتیوانی کردن لە مانگرتووان و پشتگیری لە بەردەوامی ئەم مانگرتنانە، ڕایگەیاندووە کە لە مەتەبەکەیدا نرخی ویزیتەکان دیاری ناکات.

ناوبراو لە ڕاگەیەندراوێکدا کە هەنووکە لە دنیای مەجازیشدا بەردەوام بڵاو دەبێتەوە ڕوو لە خەڵکی شاری بانە ڕایگەیاندووە: پێتان ڕادەگەیەنم کە لە ڕێکەوتی ١٠ی بانەمەڕەوە ویزیتی نەخۆشەکان لە مەتەبی من بە نرخێک دەبێ کە نەخۆشەکان بۆ خۆیان دیاری دەکەن، واتە دەتوانن پارە نەدەن و دەشتوانن پارەیەک بدەن کە بۆیان دەگونجێ.

لە کۆتاییشدا ڕایگەیاندووە: هیوادارم کە ئەم کارەی من بتوانێ هەنگاوێکی بچووک بێت لەڕاستای هاوخەمی دەربڕینم لەگەڵ خەڵکەکەم و بتوانم بەم شێوە بەشێک لە ئازارەکانیان کەم بکەمەوە.

وتوویشیەتی: هیوادارم زوو بە زوو کێشەکانی ئەم دەڤەرە کۆتاییان پێ بێت و نان بگەڕێتەوە سەر سفرەی هاووڵاتییانم.

چەند ڕۆژ پیش ئێستاش خاوەنی یەکێک لە پاساژەکانی شاری بانە بەمەبەستی پشتگیری کردن لە مانگرتنەکانی ئەم شارە ڕایگەیاندبوو کە بەهۆی دۆخی زاڵ، کرێ دووکان لە دووکاندار و کرێ‌نشینەکانی وەرناگرێت.

ئەم چەشنە کارانە کە لە چەشنی خۆیاندا کەم‌وێنەن نیشان لە یەکگرتوویی فکری و درک و تێگەیشتنی باڵای تاکەکان دەدەن و جێگەی ستایش و ڕێزن.