کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەی ڕێژیمی ئێران بۆ لەنێوبردنی ئیسرائیل

17:12 - 6 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: فەرماندەی گشتیی ئەرتەشی ڕێژیمی ئێران، دیسان هەڕەشەی لە ئیسرائیل کردووە.

عەبدولڕەحیم مووسەوی، فەرماندەی گشتیی ئەرتەشی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٤ی خاکەلێوەی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە وتووێژ لەگەل هەواڵدەرییە نێوخۆییەکانی ڕێژیمدا، وتوویەتی: ئێمە دەتوانین هێزە ئامریکاییەکان سەرکوت بکەین و ئیسرائیل هەتاکوو کەمتر لە ٢٥ ساڵی دیکە لەنێو دەبەین.

ئەمە بۆ چەندەمین جارە کە مووسەوی هەڕەشە لە ئیسرائیل دەکات و پێشتریش ڕایگەیاندبوو، کە ئەگەر ئیسرائیل هەڵە بکات، تلاویڤ لەنێو دەبەین، بەگشتی بەرپرسانی باڵای ڕێژیمی ئێران، بە بەردەوامی باسی لەنێوبردنی ئیسرائیل دەکەن و ئەو وڵاتە وەکوو دوژمنی سەرەکیی خۆیان دەزانن.

لە لایەکی دیکەشەوە ئیسرائیل، ڕێژیمی ئێران بە هەڕەشە لەسەر وڵاتەکەی و هەموو جیهان دەزانێت و لە کۆمەڵگا نێونەتەوەییەکاندا لە هەوڵدایە بە هاوکاریی ئامریکا، گوشار بخاتە سەر ڕێژیمی ئێران و لە ناوچەکە پاشەکشەی پێ بکات.

ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکە بەتایبەت لە سنوورەکانی سووریە و لوبنان، میلیشیاکانی خۆی بە سنوورەکانی ئیسرائیل نزیک دەکاتەوە و بە دامەزراندنی بنکەی مووشەکی لەو وڵاتانە و پاڵپشتی کردن لە گرووپە تێرۆریستییەکان، دەیەوێت گۆشار بۆ ئیسرائیل بێنێت.