کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وازهێنانی ٣٦٦ قوتابی کورد لە مەریوان بە هۆی کێشەی ماڵییەوە

16:07 - 28 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: كێشەی بژیویی ژیان لەنێو بنەماڵەكانی شاری مەریوان بووەتە هۆی ئەوەیكە ٣٦٦ قوتابیی واز لە خوێندن بێنن.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، ژمارەیەكی بەرچاو لە قوتابیانی قوتابخانەکانی شاری مەریوان بە هۆی كێشە و سەرهەڵدانی قەیرانی ئابووری و ئەستەم بوونی دابین کردنی بژیوی ژیان، دەستیان لە خویندن هەڵگرتووە.

فەرمانداری شاری مەریوان لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ شۆرای پەروەردە و بارهێنان ڕایگەیاند: ٣٦٦ قوتابی لە شاری مەریوان بە هۆی لاوازی باری ماڵی و هەژاری بنەماڵەکەیان، دەستیان لە خوێندن هەڵگرتووە.

كۆمەڵناسان لەو بڕوایەدان کە، ئەو كەسانەی لە بازنەی بارهێنان و فێركاریی بەجێ‌دەمێنن زیاتر خەڵكی ناوچە پەراوێزخراوەكانن و توێژینەوەكان دەریان خستووە ئەو ناوچانەی كە فارس زمان نین زیاترین رێژەی ئەو قوتابیانە لەخۆ دەگرێ كە لە خوێندن بێبەری دەبن.

هەژاری و دەسكورتی بنەماڵەكان، كێشە و سەقەت بوونی سیستمی بارهێنان و ڕوانینی نەرێنی بنەماڵەكان لە گرینكترین هۆكارەكانی بەجێمانی قوتابیانی لەخوێندن دێنە ئەژمار.

ئەم بارودۆخە لە کاتێکدایە کە بەپێی خودی یاساکانی ڕێژیم دەوڵەت ئەرکدارە بە دابین کردنی هەموو پێداویستییەکانی خوێندن بۆ قوتابیان تاکوو هیچ قوتابییەک لە خوێندن بەجێ نەمێنێ.