کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئورووپا گەمارۆ ئابوورییەکانی دژی ڕێژیمی ئێران درێژ کردەوە

22:47 - 23 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: شوڕای ئورووپا لە بڕیارێکدا گەمارۆ ئابوورییەکانی دژی ٨٢ کەس و شیرکەتێکی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بۆ ماوەی یەک ساڵی دیکە درێژ کردەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢٣ی خاکەلێوەی ١٣٩٧ی هەتاوی، شوڕای ئورووپا لە دانیشتنی خۆیدا، بڕیاری دا کە گەمارۆ ئابوورییەکانی کە به نیسبەت پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە لایەن ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە خستوویەتە سەر ٨٢ کەس و یەک شیرکەت، بۆ ماوەی یەک ساڵی دیکەی درێژی کردەوە.

هەواڵدەریی بلۆمبێرگ لە ڕاپۆرتێکدا ئەو هەواڵەی پشڕاست کردووەتەوە.
لە بەیانییەی شوڕای یەکیەتیی ئورووپادا هاتووە، ئەو گەمارۆ ئابوورییانە هاتوچۆی ئەو ٨٢ کەسەی ڕێژیمی ئێران بۆ دەرەوە قەدەغە دەکات و دەست بە سەر داراییەکانیشیان دادەگرێت.

ئەو گەمارۆ ئابوورییەی ئورووپا هەناردەکردنی کەرەستەی سەرکوت و چاودێری بە سەر کەرەستەکانی پێوەندی لە ئێراندا لە خۆوە دەگرێت.

ئەو گەمارۆ ئابوورییانە ساڵی ٢٠١١ی زایینی دژی ڕێژیمی ئێران پەسند کراون و هەموو ساڵێک دژی ئەو ٨٢ کەس و شیرکتە درێژ کراونەتەوە.

گەمارۆ ئابوورییەکانی کۆمەڵگای جیهانی دژی ڕێژیمی ئێران بە مەبەستی پێشگرتن لە دەستپێڕاگەیشتنی رێژیمی ئێران بە چەکی ئەتۆمی، ماوەی چند ساڵ پێش لە بواری ئابووری، زانستی، سیاسی، فرۆشتنی چەکوچۆڵەوە لە لایەن یەکیەتیی ئورووپا و ئامریکاوە بە دژی ئەم ڕێژیمە پەسند کران.

پەسندکرانی گەمارۆ ئابوورییەکان لە لایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە دژی ڕێژیمی ئێران، لە سەر بارودۆخی ئابووری ئێران کاریگەری خراپی داناوە و ئابووریی ئەو وڵاتەی بەرەو هەڵوەشانەوە بردووە.