کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەرزشوانانی ئێرانی، قوربانی سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئێران

14:44 - 11 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: دۆڕانی زۆرەملێی زۆرانبازی ئێرانی بە ڕکابەرە ڕووسییەکەی، بە داوای ڕاهێنەرەکانی و لە پێناو سیاسەت و دیپلۆماسیی ڕێژیمی ئێران، ناڕەزایەتی چەندین جارەی ئەو زۆرانبازەی لێ کەوتووەتەوە.

عەلیڕەزا کەریمی، زۆرانبازی ئێرانی، کە ڕۆژی یەکشەممە ٥ی سەرماوەز لە کێبڕکێیەکی زۆرانبازیدا، بە زۆرملێ و بە ناچاری بە زۆرانبازی ڕووسیەیی دۆڕاندی، لە دوایین وتووێژیدا لەگەڵ ڕادیو تاران باسی لەوەی کردووە، کە لەم کارە کەڵکاژۆیان سیاسییان لێ وەرگرتووە.

هاوکات لەگەڵ ئەم ناڕەزایەتییەی عەلیڕەزا کەریمی، نوێنەری تاران لە مەجلیسی ڕێژیم ڕایگەیاندووە، کە لە لایەن هێندێک لە نوێنەرانەوە، لە بارەی دۆڕانی بەئەنقەستی ئەم زۆرانبازە، وەزیری وەرزشی ڕێژیم لێپرسینەوەی لێ دەکرێت.

غوڵامڕەزا حەیدری نوێنەری تاران لە مەجلیسی ڕێژیم، لە بارەی پێشیڵ کردنی مافی ماددی و مەعنەویـی وەرزشوانانی ئێرانی، لە تویتێرەکەی خۆیدا نووسیویەتی: ئاکامی نالەباری دژبەیەکییەکانی سیستمی وەرزشی و دیپلۆماسیی ئێران بەرۆکی قارەمانانی نەتەوەیی دەگرێتەوە.

ئەم دۆڕانە زۆرەملێیە بە هۆی ئەوە بوو، لە ئەگەری سەرکەوتن بەسەر زۆرانبازی ڕووسیەیی، عەلیڕەزا کەریمی دەبوو لەگەڵ زۆرانبازی ئیسرائیلی کالاشینکۆف زۆرانی بگرتایە.

وەزارەتی وەرزشی ڕێژیمی ئێران، لە هەمبەر ئەم دۆڕانە ١٠ سکەی زێڕی بە خەڵات بەم زۆرانبازە داوە، عەلیڕەزا کەریمی پێی وایە ئەم خەڵات بەخشینە، کەڵکاژۆی سیاسی بووە و بەرپرسان ویستوویانە بەم کارە دەنگۆ و ناڕەزایەتییەکان کۆتاییان پێ بێت.