کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پارتی سەربەستیی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە

13:47 - 12 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی سەربەستیی کوردستان، لە پێوەندی لەگەڵ کردەوە تێرۆریستییەکەی ٩ی ڕەشەمە لە هەولێر ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکەیان بەم چەشنەیە:

ڕاگەیەندراوی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی سەربەستیی کوردستان، لە پێوەندی لەگەڵ کردەوە تێرۆریستییەکەی ٩ی ڕەشەمە لە هەولێر

بەداخەوە و هەروەک چاوەڕوان دەکرا کە دوژمنانمان، بە تایبەت کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەوڵێکی نوێدان بۆ لاوازکردن و تێکدانی ئەمنیەت و ئاسایش و ئارامی ناوچەکانی باشووری کوردستان، جارێکی دیکە بە کردەوەیەکی دیکەی تێروریستی دوژمنایەتی خۆیان بۆ ئەو بەشەی کوردستانیش نوێ کردەوە.

ڕێکەوتی ٩ی ڕەشەمەی ٢٧١٧ی کوردی بەرامبەر بە ١ی مارسی ٢٠١٨ی زایینی، لە کردەوەیەکی تێرۆریستانە کە پیشەی هەمیشەییانە، بنەماڵەیەکی نیشتیمانپەروەری ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان لە ناوچەی بنەسڵاوەی هەولێری پایتەخت کردە ئامانج، کە تێیدا باوکێک بە تووندی بریندارکرا و کوڕەکەش بە لە دەستدانی زۆربەی ئەندامانی لاشەی، دوای ٢٠ کاتژمێر بەربەرەکانی لەگەڵ مەرگ بە داخەوە گیانی لە دەستدا و چووە ڕیزی کاروانی شەهیدانی پارێزەری خاک و نیشتیمان.

وەک ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی سەربەستیی کوردستان، زۆر بە تووندی ئەو کردەوە تێرۆریستییە پڕمەبەستدارەی ئێرانی داگیرکەر، لە شاری هەولێر ئەنجام دراوە ئیدانە دەکەین. هەرچەند تا ئیستا لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانەوە وردەکارییەکان بڵاونەکراونەتەوە، بەڵام مێژووی نزیک بە چل ساڵەی تەمەنی ئەم ڕێژیمە دەیسەلمێنێت کە ئەو جۆرە کردەوانە لە لایەن هەر کەس و گروپێكەوە ئەنجام درابێت هەر پیشەی ئەوانە.

هیچ شاراوە نییە کە ئەم کردەوەش زۆر مەبەستی تایبەتی لە پشتدایە، کە دیسانەوە دەیانهەوێ لایەنە کوردییەکان بخەنە نێو شک و گومان لە بەرامبەر یەکتردا، بەڵام بەخۆشییەوە گەلەکەمان لەو ماوەدا زۆر کردەوەی مەترسیداری ئەم ڕێژیمەیان بۆ ڕوون بووەتەوە.

وەک پارتی سەربەستیی کوردستان داواکارین لە گشت دەزگا ئەمنییە ماندوونەناسەکانی باشوری کوردستان، کە بە زووترین کات ئەو تاوانبارانە ئاشکرا بکرێن، و ڕووبەڕووی دادگا بکرێنەوە، و گیان و ژیانی کوردانی ڕۆژهەڵات لە باشوری کوردستان زیاتر پارێزراو بێت.

هەروەها وەک ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی سەربەستیی کوردستان، سەرەخۆشی لە دەستدانی لاوی کورد کاک سەباح ڕەحمانی تەمەن ٣٣ ساڵ ئاراستەی کاک سەلاح ڕەحمانی باوکی ٢ جار بریندارکراوی و تەواوی ئەندامانی بنەماڵەی شەهید سەباح دەکەین.

هەر لەو ڕێگەشدا سەرەخۆشی پارتیمان، ئاراستەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و گشت خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین.

ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی سەربەستیی کوردستان

١٠ی ڕەشەمەی ٢٧١٧ی کوردی، بەرامبەر بە ٢٠١٨/٣/٢ی زایینی