کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشتیوانیی ڕێژیمی ئێران لە ڕێژیمی سووریە

16:41 - 28 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئێران وەک پشتیوانیی سەرەکیی لە تێرۆریستانی ناوچەکە، پشتگیری و پشتیوانیی خۆی لە ڕێژیمی سووریە ڕاگەیاند.

عەلائەدین بروجردی بەرپرسی کۆمسیۆنی ئەمنییەت و ئاسایشی سیاسەتەکانی دەرەوەی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی ڕێژیمی ئێران، لە ڕاستای سەفەری بۆ دمشق پێتەختی سووریە، لە دوای هێرشە ئاسمانییەکانی سێ وڵاتی ئامریکا، بریتانیا و فەڕانسە بۆ سەر هەندێك لە شوێنە نیزامییەکانی ڕێژیمی سووریە وتی: کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران زۆر بەهێزتر لە جاران لە پاڵ سووریە وەک خولگەیەکی خۆڕاگری ڕادەوەستێت.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، بڕیارە ئەمڕۆ عەلائەدین بروجردی، لەگەڵ شاندێکی پارلەمانی سەردانی سووریە بکات.

پێش لەم سەفەرەی عەلائەدین بروجردی لە بارەی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەم دواییەی ئامریکا، بریتانیا و فەڕانسە بۆ سەر شوێنە نیزامییەکانی ڕێژیمی سووریە وتبووی: ڕووسیە یەکەمجار ئەم هێرشانەیان مەحكووم کرد و من پێم وایە ئەگەر ئامریکاییەکان بیانەوێت درێژە بەم یارییە بدەن ئەوە ڕووسیە کاردانەوەی دەبێت.

ڕۆژی ١٤ی ئاڤریل لە کاردانەوەی هێرشە کیمیاییەکانی ڕێژیمی سووریە، بۆ سەر ناوچەی غووتەی دمشق، ئامریکا، بریتانیا و فەڕانسە زیاتر لە ١٠٠ مووشەکیان بۆ سووریە هاویشتووە.

پشتیوانیی ڕێژیمی ئێران لە ڕێژیمی سووریە، جەختکردنەوە لە پشتیوانیی ڕاستەوخۆی ڕێژیمی ئێران لە تێرۆر و هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاشتیی ناوچەکەیە.