کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەردەلادان لەسەر دیکتاتۆر بوونیی هێزی قەزایی لە لایەن ئەحمەدی‌نژادەوە

15:37 - 3 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: لە چوارچێوەی شەڕی زەڕەنگەری باڵەکانی دەسەڵات لە ئێران، سەرکۆماری پێشووی ئێران، هێزی قەزایی ڕێژیمی بە دیکتاتۆر ناوزەد کرد.

ڕۆژی پێنجشەممە مەحموود ئەحمەدی‌نژاد وێڕای ئاماژە کردن بەوەیکە لە هێزی قەزاییدا دەسەڵاتی بێسنوور هەیە، ڕایگەیاند: هێزی قەزایی، تەنیا دەزگایەکە کە هیچ کۆنتڕۆڵێک بە سەریەوە نییە و دەسەڵاتیشی لە ڕێبەری ڕێژیم زیاترە.

ماڵپەڕی دەوڵەتی بەهار نزیک لە مەحموود ئەحمەدی نژاد بڵاوی کردووتەوە: ئەحمەدی نژاد رەخنەی توندی لە هێزی قەزاییە گرتووە و ئەو ناوەندە قەزاییەی بە پێشێلکەری یاسای بنەڕەتی ئێران زانیوە.

مەحمود ئەحمەدی‌نژاد هەروەها ڕایگەیاندووە، ئەگەر بڕیار بوو، ئێمە دیکتاتۆری قوەی قەزاییەمان هەبێت، ئیتر بۆ شۆڕشمان دەکرد؟
ئەحمەدی‌نژاد هەروەها لەو وتووێژەدا، باسی لە نەبوونی سەربەخۆیی دەسەڵاتی قەزایی کردووە و ڕایگەیاندووە، یەکێک لە یاساشکێنییە گەورەکانی قوەی قەزاییە ئەوەیە کە زیندانەکانی ڕادەستی ناوەندە ئەمنیەتییەکان کردووە.

لەلایەکی دیکەشەوە مۆحەممەدعەلی مۆختاری، ئەندامی کۆمیسیۆنی بەناو قەزایی مەجلیس ڕێکەوتی 1ی سەرماوەز و لە دانیشتنی ئاشکرای مەجلیسدا وتبووی: هێزی دادوەری ئێمە بۆ هەر پرسێکی بچووک خەڵک دەخەنە زیندانەوە.

بەوتەی ناوبراو سەرەڕای ئەوەیکە زیندانەکانی ئێران هەلگری ١٤٠هەزار کەسە بەڵام هەنووکە 250 هەزار کەسیان لە زیندانەکان خزاندووە.

ئەم ئەندامەی مەجلیسی ڕێژیم وتوویشیەتی: بەشێک لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی بە تۆمەتی ئەمنیەتی ماوەی چەندین مانگ بەبیانووی لێپرسینەوە لە زیندان دەخرێن.

دەمەقاڵە و پەردەلادان لە سەر کارو کردەوە و دەسەڵاتە بەرفراوانەکانی باڵی خامنەیی ڕۆژ لە دوای زیاتر دەبێت و ئەمەش چییەتی ڕێژیمی، کە لە زاری بەرپرسانی پلە باڵای پێشووی ئەو ڕێژیمەوە دەدرکێ، زیاتر بۆ خەڵک خستووتە ژێر پرسیارەوە.