کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چوونەسەرەوەی نرخی دۆلار و گرانبوونی پێداویستییەکانی خەڵک

22:13 - 25 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: چوونەسەرەوەی نرخی ئەرز لە ئێران بووەتە هۆی گرانی و گوشارەکان لەسەر خەڵک ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبن.

نرخی دۆلار لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا گەیشتە ئاستیک کە لە مێژووی بازاری ئەرز لە ئێران بێ‌وێنە بووە و بازاڕی دراوی ئێرانی هەژاندووە بەچەشنێک کە ڕێژیم و بانکەکان نەیانتوانیوە تا ئێستە بازار کۆنترۆڵ بکەن.

گران بوونی نرخی دۆلار کاریگەری ڕاستەوخۆی داناوە لەسەر گرانبوونی پێداویستییەکانی خەڵک کە زۆربەیان لە دەرەوەی ئێران هاوردە دەکرێن و بازرگانان ناچارن بەو نرخە بازرگانی بکەن و کالاکانیان ڕەوانەی بازاڕ بکەن.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا نرخی کەلوپەلە کامپیۆتێرییەکان، کەلوپەلی نێو ماڵ و خواردەمەنییە سەرەکییەکان وەکوو برنج و گۆشت و..هتد، زیاتر لە ٣٠ لەسەد گران بوونەتەوە.

هەروەها گرانی دۆلار، لەسەر سەنعەتی ئێران کاریگەری داناوە و زۆربەی کۆمپانیا سەنعەتییەکان لە ئێران، پێداویستییە سەرەکییەکانیان بۆ بەرهەمهێنان لە دەرەوە هاوردە دەکەن، بەم هۆیەوە تێچووی بەرهەمهێنان زیاتر بووە و کالاکانیان بە گرانتر ڕەوانەی بازار دەکەن.

کارناسانی ئابووری لەو باوڕەدان کە ئەگەر نرخی دۆلار کەم نەبێتەوە، بازرگانان زۆر کالا هاوردەی ئێران ناکەن و شرکەت و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەر لە ئێران مایەپووچ دەبن و خاوەن شرکەتەکان ناچارن بەرهەمهێنان ڕابگرن.

شڵەژاوی بازاڕی ئەرز لە ئێران، لە لایەن ڕێژیمەوە تا ئێستا کۆنترۆڵ نەکراوە و سەرەڕای گرانی و گوشارەکان بۆ سەر خەڵک، فەزای ڕەوانی کۆمەڵگای ئێران بە تەواوەتی تێکچووە و خەڵک نیگەرانی داهاتوون.