کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاوڕووتی کۆمپانیای گازی ڕێژیم لەژێر ناوی بیمە

16:37 - 5 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: مانگانە ڕێژیمی تاران لەژێر ناوی پارەی بیمە سەدان میلیارد تمەن پارە لە خەڵک وەردەگرێت.

بەپێی دوایین ڕاپۆرتە پێوەندیدارەکان، ئیدارەی گاز لە سەر هەر فیشێکی مەسرەفی هاووڵاتییانی ئێران بۆ هەر دەورەی ٤٠ ڕۆژە، بڕی ١٠٠٠ ڕیاڵ وەک بیمەی ماڵ وەردەگرێ کە بە ئەژمارکردنی هەموو یەکەیەکی نیشتەجێ‌بوون لە ئێراندا دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە دەوڵەت لە ڕێگەی ئیدارەی گازەوە مانگانە سەدان میلیارد تمەن قازانج دەکات!

بەپێی هەندێک ڕاپۆرتی فەرمی ئەگەر خەسارێک بەهۆی کێشەی فەننی یان گەیاندنی گاز بە ماڵەکان بگات، ئیدارەی گاز ئەرکدارە بڕی ٧٠ میلیۆن تمەن وەک قەرەبوو ڕادەستی خاوەن ماڵ بکات؛ هەروەها دەبێ تاکی خەساردیتوو بەڕێژەی ٢٠ میلیۆن تمەن لەلایەن بیمەوە قەرەبووی بۆ بکرێتەوە.

ئەم ئەرکە لەحاڵێکدا دەکەوێتە سەر شانی ئیدارەی گاز و بەشی بیمەی ئەم کۆمپانیا کە تا ئێستا بە دەیان جار ڕووداو و کارەسات بەهۆی کێشەی فەننی لە ماڵەکاندا روویان داوە بەڵام هەمیشە ئیدارەی گاز خۆی لە ئاست ئەم قەرەبووکردنەوانە گێل کردووە.