کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرتی مەیدانی لە سەر دۆخی شپڕێوی ئابووریی کوردستان

00:34 - 10 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: وەزعییەتی شپڕێوی ئابووریی ئێران لە هەموو کات زیاتر لە شەقام و بازاڕەکانی کوردستاندا ڕەنگی داوەتەوە و خەڵک لە هەموو کات زیاتر هەست بەوە دەکەن کە وادە و بەڵێنییەکانی کاربەدەستانی ئێرانی بە گشتی دوورن لە ڕاستییەوە.

هەواڵنێری کوردستان میدیا لە کوردستانی ڕۆژهەڵات سەبارەت بە بارودۆخی بازاڕ لە شارەکانی کوردستان و بە تەکووزی لەسەر شاری سەقز دەڵێ: ڕواڵەتی شارەکانی ئێران و بەتایبەت کوردستان، دەرخەری ناخی وێرانی ئابووریی کۆماری ئیسلامین.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە مەیدانییە، وەزعییەتی شپرزەی ئابووریی ئێران لە هەموو کات زیاتر لە شەقام و بازاڕدا ڕەنگی داوەتەوە و خەڵک لە هەموو کات زیاتر درک بەو ڕاستییە دەکەن کە وادە و بەڵێنەکانی ڕێژیم بە گشتی دوورن لە ڕاستییەوە و بە کردەوە هیچ کارێک بۆ خەڵک جێبەجێ ناکەن.

لە بەشێک لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە: پشووەکانی سەری ساڵ هەمیشە دەرفەتێکی باش بووە بۆ جووڵەی بازاڕ، بەڵام لە ئێستادا بە هۆی دابەزینی نرخی تمەنی ئێرانی و گرانی شتومەک، خەڵک توانای کڕینیان بە ڕێژەیەکی بەرچاو دابەزیوە؛ لە ڕۆژهەڵاتدا ئەم قەیرانە بەهۆی داخرانی بازاڕچە سنوورییەکان چەند قات زیاترە و کاسبکاران و بازاڕییان وێڕای خەڵکی ئاسایی گیرۆدەی بێکاری و هەڵاوسانی بازاڕ بوون.

سەرەڕای ئەوەیکە لێپرسراوانی ڕێژیم هەوڵ دەدەن تاوانی وەزعییەتی خراپی ئێستای ژیان و گوزەرانی خەڵک لە ملی خۆیان داماڵن خەڵک زۆر ڕاشکاوانە باس لەوە دەکەن کە داخرانی سنوورەکان درێژکراوەی ئەنفال و قڕکردنێکە کە لە کەرکوک و عەفرینەوە بە شێوەی ئاشکرا دەستی پێکردووە و لە ڕۆژهەڵاتیشدا بە شێوەی داخستنی ڕێگای کاسبی و بڕینی نانی سفرەی تاک تاکی خەڵکی کورد زمان لەم پارچەی کوردستان درێژەی پێدەدرێت.

پێویست بە وتنە بە هۆی نەبوونی نەخدینەیی زۆربەی خودپەردازی بانکەکان کار ناکەن و بانکەکان یاسا و ڕێسای سەیریان لە چوارچێوەی بوروکراسی ئیداری داناوە هەتا پارەی نەقد بە مشتەرییەکان نەدەن، ئەمە لە حاڵێکدایە کە ئێستا (سەری ساڵی نوێ) دەبوو زۆرترین ڕێژەی جووڵەی ئابووری لە ئارادا ببوایە .

لە بەشێکی دیکەی ئەم ڕاپۆرتەدا هاتووە: دەستفرۆشی و ئیشی سەرشەقامەکان بەڕادەیەکی بەرچاو ڕووی لە زیادبوون کردووە و خەڵک لە ترسی بێکاری زیاتر پەنا بۆ ئەو کارانە دەبەن کە داهاتێکی ئەوتۆی نییە و قازانجێکیش بە بازاڕ ناگەیەنێ؛ زۆربەی دوکانەکان یان چۆڵ کراون یان نوێ کردنەوەی قەردادی کرێکەیان بەهۆی وەزعییەتی ناڕوونی بازاڕ لە لایەن کرێچی و خاوەن دووکانەوە بۆ ماوەیەکی کاتی دەستی لێ ڕاگیراوە؛ داهاتووی ناڕوون لە باری ئابوورییەوە خەڵکی خستووەتە دڵەڕاوکێ و خەڵک ڕۆژ لە گەڵ ڕۆژ زیاتر درک بە مایەپوچ بوونی خۆیان و ڕێژیم دەکەن .