کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرتی مەیدانی لەسەر مانگرتنەکانی ئەمڕۆی شاری سەقز

18:56 - 8 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: بەمەبەستی پشتگیری لە مانگرتنەکانی شاری بانە و جارێکی دیکە خستنەڕووی داخواز و داواکارییەکانیان، بازاڕییانی شاری سەقز مانیان گرت.

هەواڵنێری کوردستان میدیا لە شاری سەقز لەمبارەوە ڕایگەیاند: ئەمڕۆ هەشتی بانەمەڕ بەمەبەستی بەرزکردنەوەی دەنگی ناڕەزایەتی بەرانبەر بە داخستنی سنورەکان و پشتگیری لە مانگرتنی درێژ ماوەی خەڵکی بەشەرەف و قارەمانی بانە، پاساژەکانی سابریان، مەولەوی، پوریا، مورادوەیسی، کوردستان، ئاهەنی، بازرگانان، باقری، مەحمودی، ئەمین، ئەڵماسی غەرب، زەیتون، ئەرجومەند و تەواوی دوکانەکانی پشت قازاخانە و بەشێکی زۆری دووکانەکانی سەرچەمی وەڵی خان لە شاری سەقز مانگرتنیان بەڕێوە برد.

بەوتەی هەواڵنێری کوردستان میدیا، ڕێژیم بە تەواوی شاری سەقزی میلیتاریزە کردووە و لە ڕێگای سیخوڕ و چڵکاوخۆرەکانییەوە هەوڵی زۆری دا پێش بەم مانگرتنە جەماوەرییەی ئەمڕۆ بگرێت بەڵام هەوڵەکانیان بە تێگەیشتنی خەڵک لە وەزعی بژیوی خراپی ژیان و قوڵ بوونەوەی بەردەوامی گرفتە ئابوورییەکان و پەرەگرتنی بێکاری و گرانی بێ ئاکام مایەوە.

هەواڵنێری کوردستان میدیا ڕایگەیاندووە: لە مانگرتنی پێشودا کاربەدەستە ئەمنیەتی و سێنفییەکانی سەقز وادەیان دابوو کە هەتا پێنجی بانەمەڕ وڵامێکی کردەیی بە داوای خەڵک بدرێتەوە بەڵام هەتا ئەمڕۆ هەموو قسە و وادەکانی کاربەدەستانی ڕێژیم درۆ بوون و پابەند نەبوونی ئەوان بە وادە و بەڵێنەکانیان خەڵکی هان دا یەکگرتووانە مانگرتنی ئەمڕۆ بەڕێوە ببەن.