کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەنە جیهانییەکان باسی مانگرتنەکانی کوردستان دەکەن

17:02 - 8 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: لەحاڵێکدا کە میدیا و ڕاگەیەنە ناوخۆییەکان ئامادە نین هەواڵی پێوەندیدار بە مانگرتنەکانی کوردستان ڕووماڵ بکەن، میدیا بیانییەکان هەواڵ و ڕاپۆرتەکانی بڵاو دەکەنەوە.

ڕادیکال پۆرتاڵ کە یەکێک لە پڕخوێنەرترین میدیاکانی وڵاتی نۆروێژ و وڵاتانی سکاندیناوییە بە کەڵک وەرگرتن لە ڕاپۆرت و هەواڵە بڵاوکراوەکان لە کوردستان میدیا ماڵپەڕی فەرمی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ماڵپەڕی کوردپا (ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا)، ڕاپۆرتێکی تێروتەسەلی لەسەر مانگرتنەکانی ئەم دواییانەی کوردستان بڵاو کردۆتەوە.

لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە: کۆماری ئیسلامی ئێران بە داخستنی سنوورەکانی کوردستان ڕێگری لە دابین کردنی بژیوی ژیانی هاووڵاتییانی ئەم ناوچانە دەکات هەر بۆیە خەڵکی ناڕازی بەمەبەستی وەدەستخستنی مافە پێشێلکراوەکانیان ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و بە داخستنی دووکان و بازاڕەکان ناڕەزایەتی خۆیان دەربڕیوە.

هەروەها باس لە ئاوڕنەدانەوەی کۆماری ئیسلامی لە دۆخی نەشیاوی ژیان لەم شارانە کراوە کە بەهۆی سیاسەتی هەڵاواردن دژ بە نەتەوەکانی ئێران و بەتایبەت کورد هاتۆتە ئاراوە.

لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: کۆماری ئیسلامی ئێران بە وەڕێخستنی پڕوپاگەندەی نابەجێ لەدژی کورد و حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی کوردستان، هەوڵی شاردنەوەی کەمکارییەکانی خۆی دەدات.

لەلایەکی دیکەشەوە ماڵپەڕی VOA کە سیاسەتی فەرمی دەوڵەتی ئامریکا دەخاتە ڕوو لە ڕاپۆرتێکدا لەژێر ناوی سەدان کوردی ئێرانی پەیوەست بوون بە خۆپیشاندانە دژەحکوومەتییەکانەوە ئاوڕی لە بارودۆخی نالەباری ژیان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات داوەتەوە و باسی لە مانگرتنەکانی ئەم دواییانە کردووە.