کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕووسیە، ئەرتەشی ڕێژیمی ئێران بۆ شەڕی سووریه پەلکێش دەکات

17:49 - 29 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: به هۆی گوشاری ڕووسیە و بەرپرسانی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، ئەرتەشی ئەو ڕێژیمە بە فەرمی بۆ شەڕی سووریه بەڕێ دەکرێت.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، لە دوایین سەفەری ئەمیر حاتەمی وەزیری بەرگریی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ مۆسکۆ، ناردنی هێزی ئەرتەشی ڕێژیم بۆ شەڕی سووریە تاوتوێ کراوە و لە دوایین دیداری نێوان شەمخانی و ئەلکساندێر لاڤڕۆنتیڤـیش لە تاران، ئەو باسە جەختی لەسەر کراوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکان بنکەی یەکەمی سەربازیی کرماشان خۆی بۆ شەڕی سووریە ئامادە کردووە و بڕیارە کە ڕووسیە و ڕێژیمی ئێران لە شاری ئیدلبی سووریە ئۆپراسیۆنێک ئەنجام بدەن. نوێنەری وەلی فەقیهی ڕێژیمی ئێران لە شاری بووشهێریش، ڕایگەیاندووە: کە پشتیوانی و بەهێزکردنی سپای پاسداران فەرزی دینییە و لاوازکردنی حەرامە.

لە کاتێکدا کە ئەو بڕیارە لە لایەن بەرپرسانی باڵای ڕێژیمی ئێران و ڕووسیەوە تاوتوێ کراوە، ئەرتەشی ڕێژیمی ئێران لەگەڵ بەربەستی یاسایی، کەمیی هێزی دڵخواز و کەرەستەی نیزامی بەرەوڕوویه.

بەپێی ئەو بڕیارە ڕووسیە لە بنکەی ئاسمانیی نوژەی هەمەدان بۆ ئەنجامدانی شەڕی سووریە کەڵک وەردەگرێت، کە پێشتریش ئەو بنکەیە لە لایەن ڕووسەکانەوە کەڵکی لێ وەرگیرابوو.

هاوکات عادل ئەلجوبەیر وەزیری دەرەوەی سعوودیە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش لە ڕیازدا وتوویەتی: لەگەڵ ئامریکادا سەبارەت بە ڕەوانەکردنی هێز بۆ سووریه گفتوگۆ دەکەین و ئێمە لە سەرەتای دەسپێکردنی شەڕی سووریەوە ئەو گفتوگۆوەمان ئەنجام داوە.

ئەمیرعەلی ئاراستە جێگری هاوئاهەنگیی هێزی زەوینیی ئەرتەشی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٦ی خاکەلێوەی ١٣٩٥ی هەتاوی، ڕایگەیاندووە: تەکاوەرانی تیپی ٦٥ی هێزی تایبەتی هەوابۆردی ئەرتەشی ئەو ڕێژیمە، بە ناوی موستەشارەوە بۆ شەڕی سووریه ڕەوانە دەکرێن.

تیپی ٦٥ی هێزە تایبەتییەکانی هەوابۆردی ئەرتەشی ڕێژیمی ئێران (نوهد)، ناسراو بە کڵاو کەسکەکان ساڵی ١٣٧١ی هەتاوی دامەزراوە.

لەو پێوەندییەدا عەتائوڵڵا ساڵحی، فەرماندەی گشتیی ‌‌ئەرتەشی ڕێژیمی ئێران، ڕایگەیاندبوو: کە ئەرتەش بۆ یارمەتیی موستەشاریی لە سووریەدا هیچ بەرپرسیار نییە و ئەوەش لە حاڵێکدایە کە هەندێک لە بەرپرسانی ئەرتەشی ڕێژیمی ئێران، بەشداریی ئەو هێزە نیزامییەیان لە سووریە وەک ڕاوێژکار ڕاگەیاندبوو.

دوای قسەی ساڵحی، ئەمیرعەلی ئاراستە، جێگری هاوئاهەنگیی هێزی زەوینیی ئەرتەشی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٦ی خاکەلێوەی ١٣٩٥ی هەتاوی، ڕایگەیاندووە: تەکاوەرانی تیپی ٦٥ی هێزی تایبەتی هەوابۆردی ئەرتەشی ئەو ڕێژیمە، بە ناوی موستەشار بۆ شەڕی سووریه ڕەوانە دەکرێن.

دوای ئەوەی کە ساڵی ١٣٩٥ی هەتاوی، وڵاتی ڕووسیه لە خاکی ئێرانەوە هێرشی کردە سەر وڵاتی سووریەوە، ناڕەزایەتیی بەرینی نوێنەرە دەسنیشانکراوەکانی مەجلیسی ڕێژیمی ئێرانی لێ ‌کەوتەوە.

دوای ناڕەزایەتیی مەجلیسی ڕێژیم، حوسێن دێهقان، وەزیری بەرگریی ڕێژیمی ئێران، لە پرێسکۆنفڕانسێکدا ڕایگەیاند، کە پرسی کەڵکوەرگرتنی ڕووسیە لە بنکەی ئاسمانیی هەمەدان، هیچ پێوەندییەکی بە مەجلیسیەوە نییە.

عەلائەدین بروجردی سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەمنیەتی نیشتمانیی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران، باسی لەوە کردبوو، کەڵکوەرگرتنی ڕووسیە لە هەرێمی ئاسمانی و بنکەی نۆژه فەرمی بووە.

بەپێی ئەسلی ١٤٦ی یاسای بنەڕەتی ئێران، کە ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی پەسەند کراوە، هیچ وڵاتێکی بیانی ناتوانێت، لە ئێراندا بنکەی نیزامی، تەنانەت ئەگەر بۆ مەبەستی ئاشتیخوازانەش بێت، جێگیر بکات.

کەڵکوەرگرتنی ڕووسیه لە بنکەی نیزامیی نۆژەی هەمەدان، لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە، بەردوام باس لە سەربەخۆیی ئێران و پاراستنی یەکپارچەیی خاکی ئێران دەکەن و لە ڕابردووشدا ڕەخنەیان لە ڕێژیمی پاشایەتی دەگرت، کە دەسنیشانکراوی بێگانەکانه و ئێستاش بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە خۆیان بوونەتە ئاڵقەلەگوێ و دەستەمۆی وڵاتی ڕووسیه.