کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٦ ڕۆژ تێپەڕی

16:19 - 10 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: بۆ شازدەهەمین ڕۆژی یەک لە دوای یەک مانگرتنەکانی شاری بانە لە حاڵی بەڕێوەچووندایە و ڕێژیمیش هیچ گرینگییەک بەم پرسە نادات.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەمڕۆ دووشەممە ١٠ی بانەمەڕ، دوکانداران و بازاڕیانی مانگرتووی شاری بانە بۆ ١٦هەمین ڕۆژ بە داخستنی دوکان و بازاڕەکانی ئەو شارە، داوای جێبەجێ کردنی داخوازییەکانیان لە بەرپرسانی ڕیژیم کردووە.

مانگرتنی دوکانداران و بازاڕیانی شارەکانی کوردستان لە ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی خاکەلێوەوە، بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین لەهەمبەر داخستنی بازاڕچە سنوورییەکان و زیادکردنی نرخی گومرکەکان دەستی پێکردووە.

ڕۆژی ڕابردوو، دوکانداران و بازاڕیانی شاری بانە کاتژمێر ٤و ٣٠ خولەک بە کۆبوونەوە و ڕاخستنی سفرەی بەتاڵ لە بەردەم بینای فەرمانداری ئەو شارە داوای جێبەجێ کردنی داخوازییەکانیان و کرانەوەی سنوورکانیان کرد.

لە کۆبوونەوەی بەردەم بینای فەرمانداری شاری بانەدا، دوکانداران و بازاڕییان بە هەڵگرتنی پلاکارتگەڵێک کە لە سەری نووسرابوو، کرانەوەی سنوورەکان، نان و کار و هەروەها بە دروشمی چیتان دەوێ هاووڵاتییان ڕۆیشتنی فەرماندار، داواکاری جێبەجێ کردنی داخوازییەکانیان بوون.

مانگرتووانی شاری بانە داوای پشتیوانییان لە هاووڵاتییانی کوردستانی ڕۆژهەڵات کردووە و ڕایانگەیاندووە کە لە هەموو شارەکانی کوردستاندا یەکگرتووانە کاتژمێر ٤و ٣٠ خولەکی هەموو ڕۆژێک بە کاتی مانگرتن بە ڕاخستنی سفرەی بەتاڵ لە بەردەم بینای فەرمانداری شارەکان کوردستانی ڕۆژهەڵات کۆببنەوە.

مانگرتنی دوکانداران و بازاڕیان شاری بانە لە کاتێکدا پێی نایە ١٦هەمین ڕۆژی خۆی کە پارێزگاری سنە داوای کرانەوەی دوکان و بازاڕەکانی کردبوو؛ هەروەها لەو ماوەیەدا، چەندین کەس لە بەرپرسانی باڵای وڵات و بەناو نوێنەرانی مەجلیسی ڕێژیم و تەنانەت ئەماکن و ئیتلاعات هەوڵی کردنەوەی زۆرەملی دووکانەکانیان داوە، بەڵام هەوڵەکانیان هەتا ئێستا بێ‌ئاکام بووە.

مانگرتنی دوکانداران و بازاڕییانی شارەکانی کوردستان بە تایبەت شاری بانە، درێژترین مانگرتنی کوردستانی ڕۆژهەڵات بووە؛ بە وتەی چالاکانی مەدەنی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، ئەم مانگرتنە مەدەنییە بە واتای سەپاندنی کەرامەتی مرۆیی بە سەر حکوومەتدایە.