کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم هێما و سیمبۆلەکانی پێشمەرگە لەنێو دەبات

15:13 - 11 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە گوندی دزەی مەرگەوەڕ پەیکەرەی هەڵۆیان لابرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، پاش دانانی پەیکەرەی هەڵۆ کە سیمبۆلی پێشمەرگەیە لە مەیدانی ئەسڵی گوندی دزەی مەرگەوەڕ سەر بە شاری ورمێ، شۆرا و دێهیاری ئەو گونده کەوتنە ژێر گوشار و هەڕەشەی رێژیم و داوایان لێکرا ئەو پەیکەرەیە لابەرن.

هەواڵنێری کوردستان میدیا لەمبارەوە ڕایگەیاندووە، ڕێژیم به بیانووی ئەوەیکه ئەو هەڵۆ ڕەمز و لۆگوی پێشمەرگە و هەروەها هەڵۆکانی زاگرۆسه و بە وتەی خۆیان چەندین ئەندامی سەر بە ڕێژیم لەو گوندە بە دەستی هەڵۆکانی زاگرۆسەوە کوژراو یان بریندار بوون، هەڕەشەیان لە شۆرا و دێهیاری ئەو گوندە کردووە کە دەبێ ئەو پەیکەرەیە لاببەن.

لەو پێوەندییەدا، وەرزی هاوینی ئەمساڵیش ڕێژیم به فەرمی داوای خراپ‌کردنی پەیکەرەی ئەو هەڵۆیەیان کردبوو بەڵام شۆرا و دێهیاری گوند دژی ئەو بڕیارە وەستانەوە؛ دواجار ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٩ی سەرماوەزی ١٣٩٦ی هەتاوی، ڕێژیم هەڕەشەی دەستگیرکردنی ئەندامانی شۆرا ودێهیاری ئەو گوندەیان کرد و ڕۆژی هەینی پەیکەرەکەیان تێک دا.

ئەو کارەی بەرپرسانی ڕێژیم تووڕەیی و ناڕەزایەتیی دانیشتوانی گوندی دزەی مەرگەوەڕی لێکەوتووەتەوە.

هەڵۆکانی زاگرۆس بڵاویان کردووەتەوە کە هێزی چەکداری چالاکی خۆیان بە پاڵپشتی بزووتنەوەی ڕەوای خەڵکی کوردستان دەزانن و پشتیوانی لە خەڵکی هەژار و زەحمەتکێشی کاسبکاردەکەن و ناهێڵین تاوانی سەرکوت و تاڵان و ڕاووڕوت لە کوردستان لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی کوردستانەوە بێ وەڵام بمێنێتەوە.