کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی سەرکوتکەری ئێران لە ١٠ی خاکەلێوەدا پێشی بە کۆبوونەوی خەڵک گرت

18:56 - 10 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: لە ساڵڕۆژی لە سێدارەدرانی پێشەوا قازی، سەرکۆماری کوردستان، هێزە دژی‌گەلییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران پێشیان بە کۆبوونەی خەڵک لە سەر گڵکۆی پێشەوا گرت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، هێزەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە شاری مەهاباد لە کاتێکدا کە خەڵکێکی بەرچاوی شاری مەهاباد و تەنانەت شارەکانی دیکەی کوردستان بۆ پەیمان نوێکردنەوە لەگەڵ پێشەوا قازی محەممەد و هاوڕێیانی دەیانهەویست بچنە سەرگڵکۆی قازی محەممەد لە لایەن هێزە دژی‌گەلییەکانی ڕێژیمەوە ڕێگریان لێکرا.

بەپێی ئەم هەواڵە هێزەکانی ڕێژیم بۆ بڵاوەپێکردنی خەڵک لە هەموو شێوەیەکی سەرکووت کەڵکیان وەرگرتووە و ڕێوشوێنی ئەمنییەتیی توندیان گرتە بەر.

چالاکانی مەدەنیی و سیاسی کوردستان، لە بەرەبەری ١٠ی خاکەلێوە، ٧١ـەمین ساڵیادی شەهیدکرانی پێشەوا قازی محەممەد، لە گۆڕەپانی چوارچرای شاری مەهاباد کەمپەینێکیان لەژێر ناوی کوردستان پەیمان نوێ دەکاتەوە وەڕێخستبوو.

بەڕێوەبەرانی ئەو کەمپەینە داوایان لە خەڵکی کوردستان کردبوو، کە ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی خاکەلێوە لەسەر گڵکۆی پێشەوا قازی محەممەد ئامادە بن و جارێکی دیکە لەگەڵ ئارمانەکانی سەرکۆماری کوردستان پەیمان نوێ بکەنەوە.