کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران پشتیوانی لە سەرکوتی خەڵکی میانمار کرد

20:47 - 5 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئێسلامیی ئێران که لە دوای ڕووداوی میانمار بە هەموو تواناوە پشتیوانی لە خەڵکی میانمار دەکرد و کۆمەڵگەی جیهانی مەحکووم دەکرد، لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پشتیوانی لە سەرکوتی خەڵکی میانمار کرد.

هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئێران بڵاویان کردەوە، ئێران لە دەنگدانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دژی دەوڵەتی میانمار بە هۆی سەرکوتی کەمینەی موسڵمان لەو وڵاتە دەنگی نەرێنی دا و بە فەرمی پشتیوانی لە دەوڵەتی سەرکوتکەری میانمار کرد.

بەپێی ئەو ڕاپۆرته لە کاتێکدا کە زۆرینەی ئەندامانی کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەنگی ئەرێنیان بە بڕیارنامە دژی سەرکوتی خەڵکی میانمار داوە، نوێنەری ڕێژیمی ئێران بەئەنقەست لەو دانیشتنەدا بەشداری نەکردووە و بەم کارە پشتیوانیی خۆی لە دەوڵەتی سەرکوتکەری میانمار دەربڕیوە.

ئەو بڕیارنامەیە ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٤ی بەفرانباری ١٣٩٦ی هەتاوی بە ١١٢ دەنگی ئەرێنی لە بەرانبەر ٢٤ دەنگی بێ‌لایەن و ١٠ دەنگی نەرێنی دژی دەوڵەتی میانمار پەسەند کرا.

هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئێران لەو بارەیەوە بڵاویان کردووەتەوە، نوێنەری ڕێژیمی ئێران بەئەنقەست لەو کۆبوونەوەیەدا بەشداری نەکردووە و دەوڵەتی میانماری مەحکووم نەکردووە و ئەوەش لە کاتێک دایە کە بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە لە لێداوانەکانی خۆیاندا بە توندی پشتیوانی لە خەڵکی موسڵمانی ئەو وڵاتە دەردەبڕی.

لەو پێوەندییەدا، پێشتر ڕۆحانی بە داکۆکیی لەوەی کە هیچ جیاوازییەک لە نێوان خەڵکی میانمار و موسڵمانانی دیکەی جیهان نییە، ڕایگەیاندبووە: ئێمە وەک وڵاتێکی موسڵمان و شۆڕشگێڕ هەست بە بەرپرسایەتی لە هەمبەر چەوساوندنەوەی موسڵمانان و تەنانەت ناموسڵمانەکانی جیهان دەکەین و لەو ڕووەوە داوا لە دەوڵەتی میانمار دەکەین، پێش بە جەنایەتەکان لە دژی موسڵمانانی ئەو وڵاتە بگرێت و هاوکات داوا لە وڵاتانی دراوسێ و موسڵمانیش دەکەین کە لەو بوارەدا بچنە هانای خەڵکی ئاوارەی میانمارەوە.

کەمینەی موسڵمانی میانمار لە لایەن بەرپرسانی دەوڵەتی میانمارەوە کەوتنە ژێر کردەوەی توندئاژۆوانە و ژێنۆسایدەوە و ئەوەش ناڕەزایەتی کۆمەڵگای جیهانی بە دواوە بوو.

میانمار یان بورما و بە فەرمی کۆماری یەکیەتیی میانمار گەورەترین وڵاتی باشووری ڕۆژھەڵاتی قاڕەی ئاسیایە، پێتەختی ئەو وڵاتە شاری نایپیداوـە ، میانمار لەگەڵ چین لە باکوور، لە ڕۆژھەڵات لەگەڵ وڵاتی لاوس، لە باشووری ڕۆژھەڵات وڵاتی تایلەند و بەنگلادیش لە ڕۆژئاوا و ھەروەھا ھیندوستان لە باکووری ڕۆژئاوا ھاوسنوورە.