کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران گاردی ویژەی ڕەوانەی شاری بانە کرد

22:51 - 10 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسانی سەرکوتگەری ڕێژیمی ئێران، لە ترسی مانگرتنی گشتیی بازاڕیانی شاری بانه، هێزی دژە شۆڕشیان هێناوەتە ناو شار.

لە درێژەی ١٦مین ڕۆژی مانگرتنی دوکانداران و بازاڕیانی شاری بانە، دام و دەزگا نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێران، بە هێنانی هێزێکی زۆر بۆ ئەو شارە، کەش و هەوای ئەو شارەیان زیاتر میلیتاریزە کردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، چەند کاتژمێرێک پێش ئێستا،بنکە و دامەزراوە نیزامییەکانی ڕێژیم بە هێنانی هێزێکی زۆر لە گاردی دژە شۆڕش، کەش و هەوای نیزامییان بە سەر شاری بانەدا زاڵ کردووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شاری بانە ڕایگەیاند: ڕێژیم بە هێنانی هێزێکی زۆر لە گاردی دژە شۆڕش بۆ شاری بانە، ئەو شارەی زیاتر ئەمنییەتی‌تر کردووتەوە و ئەو هێزانەش لە فەرمانداریی ئەو شارە جێگر کراون.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند: هێنانی ئەو هێزە لە ترسی مانگرتنی گشتیی دوکانداران و بازاڕیانی شاری بانە بووە.

سەرەڕای تێپەڕاندنی ١٦ ڕۆژ لە مانگرتنی دوکاندارانی شاری بانە، هەتا ئێستا لایەنە پەیوەدنییەدارەکانی حکوومەتی وڵامی داخوازیی دوکاندارانی مانگرتوویان نەداوەتەوە.

ڕۆژی ڕابردوو، مانگرتووانی شاری بانە داوای پشتیوانیان لە هاووڵاتییانی کوردستانی ڕۆژهەڵات کردووە کە لە هەموو شارەکانی کوردستان کاتژمێر ٤.٣٠ بە کاتی مانگرتن بە ڕاخستنی سفرەی خاڵی لە بەردەم بینای فەرمانداریی شارەکان کوردستانی ڕۆژهەڵات کۆ ببنەوە.