کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکخراوە مەدەنییەکان هەوڵی خاوێن‌کردنەوە و نۆژەن‌کردنەوەی کرماشان دەدەن

16:23 - 3 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: پاش کەمتەرخەمییەکانی بەرپرسانی ڕێژیم بۆ خاوێن‌کردنەوە و نۆژەنکردنەوەی ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکانی کرماشان، ئەنجومەنە خەلکییەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان قۆڵی هیممەتیان لێهەڵماڵی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا؛ لاوانی و پارێزەرانی ژینگەی کوردستان ئەمڕۆ هەینی ڕێکەوتی 3ی سەرماوەز لە قۆناغی یەکەمدا بڕیاری خاوێن کردنەوە و کۆکردنەوەی زبڵ و پاشماوەکانیان لە شاری سەرپێڵی زەهاو داوە.

بەپێی هەواڵەکان، شۆرای ڕێکخستنی ڕێکخراوە خەڵکییەکانی پارێزەری ژینگە، ئەنجومەنی چرۆی سەوزی قوروە و دامەزراوەی گەڵا و بەڕوو لە ئیلام بڕیاریان داوە قۆناغ بە قۆناغ ناوچە بووملەرزەلێدراوەکان خاوێن بکەنەوە کە وەک خۆیان ڕایانگەیاندووە چەند مانگ درێژەی دەبێت.

لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەم ئەنجومەنانە داوایان لە خەڵکی کوردپەروەر و ژینگەدۆست کردووە کە هاوکارییان بن.

ئەم هەوڵە خۆڕسک و جێگەی ستایشە لەکاتێکدایە کە لە هەموو وڵاتێکی جیهان و لەکاتی ڕوودانی کارەساتێکی لەم چەشنە، حکوومەت ئەرکدار دەکرێت کە هەموو کارئاسانییەک بۆ لێقەوماوان بکات بەڵام لە ئێراندا نەتەنیا لەم ڕاستایە هەوڵێکی ئەوتۆ نادرێت بەڵکوو زۆرجار ڕێگری لە هەوڵە خەڵکییەکانی لەم چەشنەش دەکرێت.

لە کارەساتە سروشتییەکەی کرماشاندا گەلی کورد لە ڕووی هەستی نەتەوەیی و نیشتمانی و ئینسانییانەوە و بەشێوەیەکی ڕێکخراو بەهانای خوشک و براکانیان لە کرماشانەوە چوون و ڕێژیمی پەت‌وسێدارەیان تووشی دۆشدامان کرد.

یەکێک لە ترسەکانی ڕێژیم لە ڕێکخستنە خەڵکییەکانە هەر بۆیەش دیتمان کە بەردەوام ڕێگر بووە لە گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکانی خەڵکی کورد و لەهەندێ حاڵەتدا دەستی بەسەر ئەو یارمەتییانەدا گرتووە کە خەڵک کۆیان کردبوویەوە.