کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کارخانەی ڕۆنی غونچه، پارووی کرێکارەکانی چەور نەکرد

15:51 - 10 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: لە درێژەی داخران و مایەپووچ بوونی کارگە و کارخانەکانی ئێران، کارخانەی ڕۆنی غونچه‌ش داخرا.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، سەرەتای مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵ ٥٥ کرێکار لە سەرجەمی ٢٢٠ کرێکاری ئەو کارخانەیە بە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی قەیرانە ماڵییەکانی کارخانە، لە سەر کارەکانیان دەرکران؛ ئێستاش پاش کەمتر لە مانگێک کارخانەی ڕۆنی غونچه بە تەواوەتی داخرا.

بەرپرسانی ئەو کارخانەیە کە سەر بە شیرکەتی کشتوکاڵی پیشەیی شوماڵە، هۆکاری داخرانی کارخانەکەیان بۆ بەردەوامی و زیادبوونی کێشەی ماڵی گەڕاندووەتەوە.

هەنووکە سەرجەم کرێکارانی کارخانەی ڕۆنی غونچه کە ٢٢٠ کەسن، بێکارن و داوای مافی بیمە و حەقدەستی دواکەوتووی خۆیان دەکەن.

کارفەرمای ئەو کارخانەیە ڕایگەیاندووە ئێمە بۆیە پێشتر ٥٥ کرێکارمان لە سەر کارەکانیان دەرکردبوو تاکوو تێچووەکانی کارخانە کەم بکەینەوە و تووشی حاڵەتێکی وەها نەبین بەڵام نەمانتوانی.

شیرکەتی کشتوکاڵی پیشەیی شوماڵ کە یەکێک لە گەورەترین کارخانەکانی بەرهەمهێنانی ڕۆنی خۆراکییە و بە ناوی بازرگانیی غونچه لە بازاڕدا دەناسرێت، لە ساڵی ١٣٩٠ی هەتاوییەوە لەگەڵ قەیرانی دارایی بەرەوڕوو بووەتەوە.

وەدواکەوتنی مووچەی کرێکاران، مانگرتن و دەربڕینی ناڕەزایەتی، دەرکرانی کرێکارە گرێبەستییەکان و نەبوونی ئەمنیەتی کاریی کرێکاران، لەم چەند ساڵەی دواییدا بە شێوەیەکی بەربڵاو ڕوویان داوە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە پەرەسەندندایە.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی سەنعەت و مه‌عدەنی ڕێژیمی ئێران، تەنیا لە ساڵی ١٣٩٤دا نزیک بە ٧ هەزار کارخانەی بچووک و گەورە داخراون کە داخرانی کارخانە و پرۆژە ئابوورییەکان لە ئێراندا وای کردووە ڕێژەی بێکاری لەم وڵاتە زیاد بکات.

سزا ئابووری و بازرگانییەکانی وڵاتانی ئەورووپایی و ئەمریکا لەدژی بەرنامەی ناوکیی ئێران، کێشەی لە دابین کردنی ماددەی سەرەتایی کارخانەکان لەم وڵاتەدا دروست کردووە و لە ئەنجامدا داخران و بێکاریی کرێکارانیشی لێکەوتووەتەوە.