کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاردانەوە جیهانییەکان لە هەمبەر هێرشی مووشەکیی حووسیەکان بۆ سەر عەرەبستان

22:04 - 7 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: پاش هێرشی مووشەکیی حووسیەکان بۆ سەر عەرەبستانی سعوودی، ئەو کردەوەیە لە لایەن زۆربەی وڵاتان و تەنانەت ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە مەحکووم کرا.

ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە حووسیەکانی سەر بە ڕیژیمی ئێران، بە حەوت مووشەکی بالستیکی چەندین شاری عەرەبستانی سعوودیەیان کردە ئامانج، بەڵام پێش گەیشتنیان بە خاکی عەرەبستان، لە لایەن پەدافەندی ئاسمانیی هاوپەیمانەتی عەرەبییەوە لە ئاسماندا تەقێندرانەوە.

کاتژمێرێک پاش ئەو هێرشە سەرهەنگ تورکی مالکی، وێڕای خستنەڕووی وردەکارییەکان و خەسارەکانی ئەو هێرشە، سپای پاسدارانی بە هۆی یارمەتیدان و پڕچەک کردنی حووسیەکان بە مووشەکە بالستیکییەکان تۆمەتبار و مەحکووم کرد و ڕایگەیاند: کە ئێمە ئەو مافە بە خۆمان دەدەین، کە لە کاتی خۆیدا و بە شێوەیەکی جیددی وڵامی ڕێژیمی ئێران بدەینەوە.

ڕۆژی دووشەممە ٦ی خاکەلێوەی ١٣٩٧ی هەتاوی، مالکی لە پرێسکۆنفڕانسێکدا بە خستنەڕووی کۆمەڵێک بەڵگە و دێکۆمێنت سەلماندوویە، کە مووشەکە بالستیکییەکان بە نهێنی لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بۆ حووسیەکان نێردراون.

ناوبراو لەو پرێسکۆنفڕانسەدا ڕایگەیاندووە: یەمەن لە دەستی دەستێوەردان و پاڵپشتی و یارمەتییە پیلاندارەکانی ڕێژیمی ئێران بە حووسیەکان ئازار دەچێژێت.

هەروەها داوای لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان کردووە، کە ڕێژیمی ئێران بە هۆی پێشێلکردنی بڕیارنامە نێودەوڵەتییەکان سزا بدات و ڕایگەیاندووە: ئەو مووشەکانەی کە حووسیەکان بەرەو ڕیازیان هاویشتووە لە جۆری قیام و سازکراوی ڕێژیمی ئێران بوون.

ئانتۆنیۆ گوترێش سکرتێری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژی دووشەممە ٦ی خاکەلێوە، هێرشی مووشەکی حووسیەکانی بۆ سەر عەرەبستان مەحکووم کردووە و ڕایگەیاندووە: بەردەوامی ئاژاوە و ناکۆکییەکان ڕێگاچارەیەکی گونجاو بۆ کۆتاییهێنانی ئەو شەڕە نییە، کە سێ ساڵە لە یەمەن درێژەی هەیە.

وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا وێڕای مەحکووم کردنی ئەو هێرشە، بەرگریکردن لە خەڵک و سنوورەکانی بە مافی عەرەبستانی سعوودی زانیوە و ڕایگەیاندووە: ڕێژیمی ئێران بەو کردەوانەی خەریکە زەربە لە هەوڵە نێونەتەوەیییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی یەمەن دەدات.

ئەماراتی یەکگرتووی عەرەبی و پاکستانیش هەریەک لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەو هێرشەیان مەحکووم کردووە و پشتگیری خۆیان لە عەرەبستانی سعوودی ڕاگەیاندووە.

وەزارەتی دەرەوەی میسریش ڕایگەیاندووە: خەڵک و دەوڵەتی میسر بە هەموو شێوەیەک پشتگیری لە عەرەبستانی سعوودی دەکەن و هەر جۆرە هەوڵێکی عەرەبستان بۆ پاراستنی خەڵک و سنوورەکانی خۆی بە ڕەوا دەزانین و پاڵپشتی لێ دەکەن.

هەتا ئێستا لە بەرانبەر ئەو کاردانەوە جیهانیانەدا، ڕێژیمی ئێران بە فەرمی هیچ هەڵوێستێکی نەبووە، تەنیا پاش قسەکانی بوریس جانسۆن وەزیری دەرەوەی بریتانیا، عەباس عێراقچی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی: شەڕی یەمەن بەدڵنییاییەوە ڕێگاچارەی سیاسی هەیە و ئێمە هەموو هەوڵی خۆمان دەدەین بۆ کۆتاییهێنان بەو شەڕە.

جانسۆن لە یەکەم ساتەکانی پاش ئەو هێرشە ڕەخنەی لە ڕێژیمی ئێران گرتبوو، کە لە جیاتی ئەوەی ببێتە هۆکاری زیادبوون و درێژەکێشانی شەڕی یەمەن، دەتوانێ لە پێگەی خۆی لەو وڵاتەدا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و ناسەقامگیریی یەمەن، کەڵک وەربگرێت.