کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کرێکار وەک یەکێک لە بناغەدانەرانی کۆمەڵگا

17:16 - 11 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: ئاوڕدانەوەیەک لە دۆخی کرێکارانی کوردستان لە ڕۆژی جیهانی کرێکار و بارودۆخی کرێکاران لە کوردستان.

١ی مەی، ڕۆژی جیهانی کرێکار کە بە هۆی ڕاپەڕینی کرێکارانی ئامریکایی لە شیکاگۆ لە ساڵی ١٨٨٦ی زایینی بۆ کەمکردنەوەی کاتی کارکردن که ٨ کاتژمێر بوو، زیاتر لە ١٠٠ هەزار کرێکار، دەستیان بە خۆپیشاندان کرد.

لە درێژەی خۆپیشاندانی کرێکاران لە شیکاگو، پۆلیس هێرش دەکاتە سەر خۆپیشاندەران و کوژراو و برێنداری لێ دەکەوێتەوە و زۆرکەس دەسبەسەر دەکرێن و هەندێک لە دەسبەسەر کراوان لە سێدارە دەدرێن، لە دوای ئەوە زۆربەی وڵاتانی جیهان ئەو ڕۆژەیان وەکوو ڕۆژی جیهانی کرێکار دیاری کردووە و رێزی لێدەگرن.

لە کوردستانیش ١ی مەی لە لایەن خەڵکەوە ڕێز لە چینی کرێکار دەگیردرێت، لەم ڕۆژەدا، له ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بە بەڕێوەبردنی سێمینار و پرۆگرام و لە نێو خەڵکدا و چینی کرێکاردا، ڕێز له مافخوازی و دابینکردنی داواکارییەکانی ئەو چینە لە کۆمەڵگا و داهاتوویان دەکەن.

ڕێژیمی فاشیست و دیکتاتۆری ئێران، کە باوەڕی بە مافی هیچ چینیک لە کۆمەڵگادا نییە، زوڵمی چەند قات لە چینی کرێکار دەکات و ئەو چینە هێشتا لە ئێراندا لە لایەن ڕێژیمەوە وەکوو دیل هەڵسوکەوتیان لەگەڵ دەکرێت.

ئەم کێشەیە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆر لەبەرچاوترە، لەبەر ئەوەیکە ڕێژیمی ئێران سەرەڕای نەدانی مافی چینەکانی دیکەی کۆمەڵگا، کوردبوونی چینی کرێکار لە ڕاستای سیاسەتی فاشیستیی خۆی لەبەرچاو دەگرێت، بە شێوەێک کە کرێکار لە کوردستان کەمترین مافی هەیە.

ڕێژیمی ئێران، لە کوردستان بە ئەنقەست کەمترین دەرفەتی کار دەرەخسینێت و ڕادەی شیرکەت و کارخانەکان لە ڕۆژهەڵات بە نیسبەت حەشیمەتەوە زۆر کەمن و لە لاێکی دیکەشەوە، لە کارخانەکان کرێکاری خۆجێی کەم وەردەگرن و وای لێ هاتووە کە کرێکاری کورد بۆ بژیوی ژیان ڕوو لە شارەکانی دیکەی ئێران بکات.

هاوکات، تەنانەت ئەو شیرکەت و کارخانە بچووکانەش کە لە ڕۆژهەڵات هەن، زۆربەیان هەڵشکاون و کرێکارەکانی خۆیان دەردەکەن، کە لە چەند ساڵی ڕابردوو چەندین مانگرتن و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە ڕۆژهەڵات بەڕێوە چووە.

جیا لەوەش کرێکارانی کورد کە ناچارن بچن بۆ شارەکانی دەرەوەی کوردستانی ڕۆژهەڵات و لە شارەکانی دیکەی ئێران کار بکەن و زێدی خۆیان بەجێ بیهێڵن، لە وڵاتەکانی هاوسای ئێران، وەکوو عێراق، کوەیت و ئەرمەنستان...هتد، دەچن بۆ کرێکاری و ئەوش لە پێناوی کۆچاندنی زوورەمڵی کورد لە کوردستانە.

ئەمە لە حاڵیکدایە کە کرێکاری کورد مافی خویەتی کە لە زێدی خۆی کاری بۆ دابین بکرێت و هەموو مافەکانی پێدرێت، جیا لەوەش کە دەرفەتی کار لە کوردستان نییە، ئەو کەسانەش کە لە کوردستان کار دەکەن، مافی بیمە، کاتی دیاریکردنی کارکردن، خانەنشینی و...هتدیان نییە.

لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە چەندین شوێن مەیدانی کرێکاران هەیە کە لە تەمەنی جیاواز بە تایبەت زۆرینەیان لە تەمەنیکدان کە دەبێ خانەنشین، کرابان بەڵام لەبەر ئەوەیکە بیمە نەکراون، لەوێ چاوەڕێن بۆ هاتنی کەسێک کە بۆ ماوەی چەند ڕۆژ یان تەنانەت کاتژمێریک کاریان پێی بدات، تا بتوانن پێداویستییەکانی ژیانی ڕۆژانەی خۆیان لانیکەم دابین بکەن.

کرێکار، بە واتای سەنعەتییەکانی لە کوردستان زۆر کەمە و خەڵک توانا و هێزی خۆیان بە کەمترین نرخ بۆ بژیوی ژیان دادەنێن، بۆ نموونە کۆڵبەری لە ڕۆژهەڵات دیاردەێکە کە خەڵکی کورد بە دەیان کاتژمێر لە ڕۆژ لە هەموو وەرزەکانی ساڵ، گیانی خۆیان لە شاخەکان و سنوورەکان دەخەنە مەترسی و سینگ لەبەر فیشەکی هێزە ئینتزامییەکانی ڕێژیم دەدەن بۆ بژیوی ژیان.

ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هۆی زۆربوونی کانزا ژێرزەوییەکان و ڕووزەوییەکان و هەروەها حەشیمەتی ئامادەی کار، پوتانسیلی ئەوی هەیە کە سەنعەتی بێت و گەشەی ئابووری لە شارەکانی ڕۆژهەڵات بەردەوام بێت، بەڵام ڕێژیمی ئێران بە سیاسەتی فاشیستیی خۆی هەوڵ بۆ لە نێو بردنی سنفەکان و چینەکانی کۆمەڵگا دەدات.