کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردستان پەیمانی نوێ کردەوە

15:35 - 11 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: لە ساڵڕۆژی لە سێدارەدرانی پێشەوا قازی، سەرکۆماری کوردستان، سەرەڕای ڕێگریی هێزە دژەگەلییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ژمارەیەک خەڵکی نیشتمانپەروەر لە سەر گڵکۆی پێشەوا کۆبوونەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، خەڵکی تێکۆشەر و قارەمانی کوردستان لە ساڵڕۆژی شەهیدانی کوردستان‌دا بە چوون بۆ سەرگڵکۆی پێشەوا و هاوڕێیانی پەیمانی وەفادارییان بە ڕێبازی شەهیدانی کورد و کوردستان نوێ کردەوە.

خەڵکی کوردستان لە کاتێکدا ڕۆیشتنە سەر مەزاری پێشەوا و هاوڕێیانی کە ڕۆژی پێشتر، هێزەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران پێشیان بە کۆبوونەوەی خەڵک لەسەر مەزاری پێشەوا گرتبوو و هەڕەشەیان لە خەڵک کردبوو.

چالاکانی مەدەنیی و سیاسی کوردستان، لە بەرەبەری ١٠ی خاکەلێوە، ٧١ـەمین ساڵیادی شەهیدکرانی پێشەوا قازی محەممەد، لە گۆڕەپانی چوارچرای شاری مەهاباد کەمپەینێکیان لەژێر ناوی کوردستان پەیمان نوێ دەکاتەوە وەڕێخستبوو.

بەڕێوەبەرانی ئەو کەمپەینە داوایان لە خەڵکی کوردستان کردبوو، کە ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی خاکەلێوە لەسەر گڵکۆی پێشەوا قازی محەممەد ئامادە بن و جارێکی دیکە لەگەڵ ئارمانەکانی سەرکۆماری کوردستان پەیمان نوێ بکەنەوە.