کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کونتڕۆڵی دۆلار لە دەستی ڕێژیم دەرچووە

17:27 - 7 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: کیمیاگەریی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران و دەوڵەتی بەناو تدبیر و امید وای کردووە، کە ئابووریی ئێران بە تەواوەتی لەنێو بچێت و نرخی دراوی بیانی ڕێکۆرد بشکێنێت.

هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، ڕۆژی ڕابردوو بڵاویان کردەوە، کە دۆلار لە سەرەتای ساڵی نوێدا گرانترین نرخی بە خۆوە بینی و ئەمە نەورۆزانەی ڕێژیم بۆ خەڵکە لە ساڵی نوێدا.

کارناسانی ئابووری باس لەوە دەکەن، کە ئابووریی ئێران ڕۆژانی خراپی لە پێشدایە و هەڵاوسان دەگاتە ١٥ لەسەد و هەمووی ئەو ڕێگەچارانەی کە بەرپرسانی ڕێژیم دەیگرنە بەر، تەنیا بۆ ماوەیەکی کاتییە و دۆخی بژیوی خەڵک هیچ ناگۆڕدرێت.

بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی هەڵاوسان و بەو بۆنەوە نرخی کەلوپەل و پێداویستییەکانی ژیانیش بەرز دەبێتەوە، کە ئەوەش بە هۆی نەبوونی کار و ژێرخانی ئابووریی بەهێز، دەستی خەڵک لە کڕین و فرۆشتن کورت دەکاتەوە.

ساڵی ٩٧ ساڵێکی خۆش و هیوابەخش بۆ خەڵک نییە، چونکە یەکێک له قەیرانە سەرەکییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ئەمساڵدا قەیرانی پارە لە لایەن بانکی ناوەندییه، هەروەها کێشەی پێوەندی نێوان بانکە نێودەوڵەتییەکان و گەمارۆوە ئابوورییەکان خۆی هۆکارێکی دیکەیە، کە نرخی دراوە بیانییەکانی لە ئێراندا بەرز کردۆتەوە.

نەبوونی بازاڕێکی سەقامیگر و بەرزبوونەوەی دۆڵار لە کاتێکدایە، کە بوودجەی ئەمساڵ ٤٥ ـ ٤٠ هەزار میلیارد تمەن کەمی هەیە و ئەوەش دەرخەری ئەوەیە، که دۆخی ئابووری لە قەیراندا دەمێنێتەوە و هیچ هیوایەک بە باشتربوونی دۆخی ئابووری نییه.

لە لایەکی دیکەوە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، لە هەوڵدان کە دۆلار لاببەن و دراوێکی دیکە بۆ مامەڵە دەستنیشان بکەن، کە ئەوەش خۆی تێچووی مامەڵەکان زیاتر دەکات و نرخی شتومەکەکان زیاتر دەبێتەوە.

کەمبوونی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا کە خوێنی ئابووریی ئێرانه، هۆکارێکی دیکەیە کە بازاڕەکان لە ئێراندا سەقامگیر نەبن.

ئابووریناسان باسیان لەوە کردووە، کە کێشە ئابوورییەکان لە ئەمساڵدا چڕتڕ دەبێتەوە و بەرپرسانی ئەو ڕێژیمەش هیچ بەرنامەیەکیان بۆ ئەم مەبەستە نییه.

گەندەڵیی ئابووری، بردنە دەرەوەی پارە لە ئێران، دزی و کێشەگەلی دیکە، ئابووریی ڕێژیمی ئێرانی تووشی داڕمان کردووە.

هاوکات بانکی جیهانی لە ڕاپۆرتێکدا لە بارەی داهاتووی ئابووریی ئێران بڵاوی کردۆتەوە، کە نرخی گەشەی ئابووریی ئێران بە هۆی کەمبوونی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا و دەستپێڕانەگەیشتنی ئێران بە بازاڕی ماڵیی و بەرزبوونەوەی سەرمایەدانانەکان لەو وڵاتەدا، لە ساڵی ٢٠٢٠دا دەکاتە ٤.٣ لەسەد، کە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ٢٠١٧دا ٠/٤ لەسەد کەمتره.

بەپێی ئەو دوورەدیمەنەی کە لە ئابووریی ئێراندا چاوەڕوان دەکرێت، وادیارە کە ئابووریی نەخۆشی ئێران نە تەنیا چارەسەر نابێت، بەڵکوو بە هەبوونی وەها بەرپرسانێک لەو ڕێژیمەدا قەیرانی‌ دیکە سەر هەڵدەدات و وادە و بەڵێنی بەرپرسان لە جێگەی خۆیدا دەمێنێتەوە.