کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی لەهەمبەر ڕاپۆرتی ساڵانەی شۆرای مافی مرۆڤ دژکردەوەی نیشان دا

16:34 - 11 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی تاران، دوایین ڕاپۆرتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەهەمبەر بارودۆخی مافەکانی مرۆڤ لە ئێرانی بە بێ‌بایەخ لەقەڵەم دا.

لە ڕاپۆرتی ساڵانەی شۆرای مافەکانی مرۆڤ، کە ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٩ی ڕەشەمە ڕادەستی ژێنێڤ کرا، باس لە سەرکوتی رۆژنامەوانان و چالاکانی سیاسی و مەدەنی، ڕێژەی زۆر و بەرچاوی ئێعدامەکان بەتایبەت تاوانبارە کەم تەمەنەکان، هەڵاواردن دژ بە ژنان و کەمینە مەزهەبییەکان لە ئێران کراوە.

لە بەرامبەردا بەهرام قاسمی وتوویەتی: ئەم جۆرە ڕاپۆرتانە لە بواری نێوەڕۆکەوە جێگەی ڕەخنەیە و هیچ بایەخێکیان نییە، چوونکە بۆ ئامادەکردنی کەڵک لە سەرچاوەی نادرووست و دوور لە ئێعتبار وەرگیراوە.

لە ڕاپۆرتی ئاماژەبۆکراودا هاتووە: ئێران بەرانبەر بە زیندانییەکان بێبەزەییانە دەجووڵێتەوە و کەڵک لە گوشاری فیزیکی و ڕەوانی بۆ وەرگرتنی ئێعترافی زۆرەملی وەردەگرێ.

لێبووردنی نێونەتەوەییش ماوەیەک پیش ئێستا لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا، بارودۆخی مافی مرۆڤی لە ١٥٩وڵات و بەتایبەت ئێران، بۆ ساڵی ٢٠١٧ی زایینی تاوتوێ کرد کە تێیدا سەبارەت بە ئێران هاتووە، بە داخەوە لە بەشی ئازادی ڕادەربڕین، کۆبوونەوە و ڕێکخراوەکان، زۆربەی ڕەخنەگران، ناڕازیان، هەواڵنێران، چالاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، قوتابیان، فیلمسازان، موزیسیەن، نووسەران، چالاکانی مافی مرۆڤ، چالاکانی ژینگە پارێزی، چالاکانی ڕێکخراوە کرێکارییەکان، چالاکانی مافی ژن، کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان، دژبەرانی یاسای لەسێدارەدان، پارێزەران و ئەو کەسانەی کە هەوڵی ئەوەیان داوە تا ئەو کەسانەی کە دەستیان لە ئێعدامە بەکۆمەڵەکانی دەیەی ٦٠ی هەتاوی هەبووە بە سزای کردەوەکانیان بگەن، دەسبەسەر و زیندانی کراون.