کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمپانیای تێلێگرام وڵامی ڕێژیمی ئێرانی دایەوە

22:49 - 25 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: پاوێل دۆرۆڤ دامەزرێنەری کۆمپانیای تێلێگرام لە پەیامێکی تویتێریدا وڵامی بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانی دایەوە.

دامەزرێنەری کۆمپانیای تێلێگرام لە پەیامێکی تویتێریدا ڕوو لە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بڵاوی کردووەتەوە که: سنوورە تاکەکەسییەکان بۆ فرۆشتن نین و مافی مرۆڤ نابێت بە هۆی ترس یا تەماح بکەوێتە مەترسییەوە.

ئەو پەیامە دوای ئەوە بڵاو بووەتەوە کە کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ چەندمین جار داوایان لە کۆمپانیای تێلێگرام کردووە سێرڤێرەکانی خۆی بۆ ئێران بنێرێت.

ساڵی ١٣٩٥ی هەتاوی مەحموود واعزی، وەزیری ارتباطات و فناوری اطلاعاتـی ڕێژیمی ئێران سەبارەت به ڕاگواستنی تۆڕی کۆمەڵایەتیی تێلێگرام بۆ ئێران گوتی کە ئەو پرسە لە شۆرای فەزای مەجازی‌دا خراوەتە بەر باس.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵنێری خانە ملت گوتبووی: ئێمە لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی کۆمپانیای تێلێگرام ڕێککەوتووین کە ئەو کاناڵانەی دژبەری ئێرانن دابخات.

لە دوای خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ئێران بە دژی بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە و کەڵک وەرگرتنی خەڵک لە دنیای مەجازی بۆ بڵاوکردنەوەی هەواڵ و زانیاری لە خۆپیشاندانەکان، بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە بڕیاریان دا کە تێلێگرام دابخەن یان بیخەنە ژێر دەستی خۆیان.

بەرپرسانی ئێران بەکارهێنەرانی تۆڕی کۆمەڵایەتیی تێلێگرام ١٣ هەتا ٢٠ میلیۆن کەس بەراورد دەکەن و پرسی فیلتێرکردنی ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییە، چەندین جار لە لایەن بەرپرسانی ئێرانەوە تاوتوێ کراوە.

لە دوایین هەوڵیدا، ڕێژیم بۆ کەمڕەنگ کردنەوەی ڕۆڵ و نەخشی ئەپلیکەیشێنەکانی وەک تێلێگرام لە ئێراندا، ئەپلیکەیشێنێکی نوێیان بەناوی سروش دامەزراندووە کە وەک شارەزایانی بواری تێکنۆلۆژی و ئایتی باسی دەکەن یەکێک لە مەترسیدارترین ئەپلیکەیشێنەکانە چوونکە ژمارە تێلێفۆن و نێوەڕۆکی پەیامی بەکاربەرانی دەخاتە بەردەست ڕێکخراوە ئیتلاعاتییەکانی رێژیم.