کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەمپەینی \"کوردستان پەیمان نوێ دەکاتەوە\" دەستی بە کارەکانی کرد

17:08 - 7 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: بە هەوڵی چالاکانی مەدەنیی کوردستان کەمپەینێک بە ناوی کوردستان پەیمان نوێ دەکاتەوە بۆ بەرزڕاگرتنی یادی پێشەوا قازی محەممەد ڕێک خراوە.

چالاکانی مەدەنیی و سیاسی کوردستان، لە بەرەبەری ١٠ی خاکەلێوە، ٧١ـەمین ساڵیادی شەهیدکرانی پێشەوا قازی محەممەد، لە گۆڕەپانی چوارچرای شاری مەهاباد کەمپەینێکیان لەژێر ناوی کوردستان پەیمان نوێ دەکاتەوە وەڕێخستووە.

بەڕێوەبەرانی ئەو کەمپەینە داوا لە خەڵکی کوردستان دەکەن، کە ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی خاکەلێوە لەسەر گڵکۆی پێشەوا قازی محەممەد ئامادە بن و جارێکی دیکە لەگەڵ ئارمانەکانی سەرکۆماری کوردستان پەیمان نوێ بکەنەوە.

٧١ ساڵ لەمەوبەر لە ڕۆژی١٠ی خاكەلێوەی ١٣٢٦ی هەتاوی (٣٠ی مارسی ١٩٤٧) پێشەوا قازی محەمەد، سەركۆماری كوردستان، محەممەد حوسێن سەیفی قازی وەزیری بەرگریی كوردستان و جێگری سەركۆمار و ئەبولقاسم سەدری قازی نوێنەری شاری مەهاباد لە خولی ١٤ی مەجلیسی شۆرای میللی و نوێنەری كوردستان بۆ وتووێژ لەگەڵ حكوومەتی ناوەندی، دوای دادگایییەکی فەرمایشی و داخراو بە فەرمانی محەمەدڕەزا شا و ستادی ئەرتەش لە مەیدانی چوارچرا ئەو شوێنەی كە كۆماری كوردستانی تێدا راگەیەندرا، لە سێدارە دران.

لە پێش کۆماردا هێندێ جار لە ڕۆژنامەی کوردستان، ئاماژە بە ناوی پێشەوا دەکرا، لە دوای دامەزرانی کۆمار بە شێوەی فەرمی نازناوی پێشەوا بە قازی محەممەد ‌بەخشرا کە ئەو ناوە هەتا ئێستاش لە نێو کۆڕ و کۆمەڵەکاندا ھەر باو و ناسراوە.

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، چالاکانی سیاسی_فەرهەنگی و کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان لە هەر چوارپارچەی کوردستان، لە هەوڵدان کە ڕۆژی ١٠ خاکەلێوە وەکوو ڕۆژی شەهیدانی کوردستان لە لایەن حیزب و لایەنە سیاسییەکان و هەروەها حکوومەتی هەرێمی کوردستانی عێراقەوە بە فەرمێ بناسرێت و لە ڕۆژمێری کوردستان ئەو ڕۆژە وەکوو ڕۆژی شەهیدانی کوردستان دیاری بکرێت.