کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گڕگرتنی خێوەت و کانێکسی لێقەوماوانی کرماشان دیسان زەرەری گیانی لێکەوتەوە

15:42 - 28 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: ئاگر گرتنی کانێکسێک له سەرپێڵی زەهاو بووە هۆی سووتان و گیان لەدەستدانی کچێکی تەمەن ٢٠ ساڵ.

دوای ڕوودانی کارەساتی بوومەلەرزە له کرماشان و ئاوارەبوونی خەڵکی ناوچه بوومەلەرزە لێدراوەکان، خەڵک ناچار بوون که لە نێو خێوەت و کانێکسدا بژین، هەرچەند ڕێژەیەکی زۆر کەم لەو خەڵکە خێوەت و کانێکسیان وەرگرتووە و ڕێژیم پاش تێپەڕینی زۆرتر له یەک مانگ هێشتا نەیتوانیوە ئاوارەکان جێگیر بکات.

هەر لە یەکەم ڕۆژەکانی ئاوارەبوونی خەڵکی بوومەلەرزە لێدراودا، زۆرجار هەواڵی گڕگرتنی خێوەت و کانێکسەکان بڵاو بووەتەوە؛ بۆ نموونە ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٠ی سەرماوەزی ١٣٩٦ هەتاوی، به هۆی ئاگرگرتنی خێوەتێک له سەرپێڵی زەهاو، چوار کەس گیانیان له دەست دا.

له نوێترین ڕووداوی لەم چەشنەشدا ڕیکەوتی ٢٨ی سەرماوەزی ١٣٩٦ هەتاوی، کانێکسێک له سەرپێڵی زەهاو گڕی گرت و کچێکی تەمەن ٢٠ ساڵ بەو هۆیەوە، گیانی لە دەست دا.

هەتا ئێستە چەندین نموونەی دیکەی لەم چەشنە لە سەلاسی باوەجانی، گوندی قەڵاشاینیی سەرپێڵی زەهاو و زۆر شوێنیکی دیکە که خەساری گیانیان نەبووە، بەڵام تەوای کەلوپەلی ئەو ئاوارانه له ئاگردا سووتاون، ڕوویداوە.

هەرچەند بەڕواڵەت ڕێژیمی ئێران سپای پاسدارانی ئەرکدار کردووە بۆ نۆژەن کردنەوەی ناوچە بوومەلەرزه لێدراوەکان، بەڵام به کردەوە دەبینین کە کەمترین خزمەتگواری بە لێقەوماوان دەکرێت.

سووتان و لەنێوچوونی کەلوپەلی لێقەوماوان لە حاڵیکدایە که بەشێکی زۆرکەم لە لێقەوماوان کانێکسیان وەرگرتووە و ئەو کانێکسانەش بەدوور لە ڕەچاوکردنی پێوەر و ستانداردەکان سازکراون؛ سیستمی گەرمادەییان کێشەسازە و زۆر جار دەبنە هۆی گڕگرتن و گیان لەدەستانی خەڵک.