کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەلاڵەیەکی ١٢ خاڵی درا بە هەر دوو لایەنی وتووێژی سووریە

15:01 - 11 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سووریە، بەمەبەستی دەستپێکی وتوووێژەکانی ژێنێڤ٨، گەڵاڵەیەکی ١٢ خاڵی بە هەر دوو لایەنی حکومەت و ئۆپۆزسیۆنی سووریە دا.

ستێفان دێمیستۆرا، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سوویە، رۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٩ی سەرماوەز لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: لەهەمبەر چارەسەری کێشەکانی سووریە و بۆ دەستپێکی وتووێژەکانی ژێنێڤ٨، گەڵاڵەیەکی ١٢ خاڵی داوە بە هەردوو لایەنی دانوستانکار تاکوو لەسەری کار بکەن.

وتوویشیەتی، پێشنیاری ١٢ خاڵی نوێ لە راستیدا بەشێکی سەرەکییە لە ئاسۆی داهاتووی سووریە، کە هەم بە نوێنەری حکومەت و هەم نوێنەری ئۆپۆزسیۆنی سووریە دراوە تاکوو تاوتوێی بکەن.

رۆژنامەی الشرق الاوسط لەوبارەوە نووسیویەتی، لەم گەڵاڵەیەدا هاتووە، بەپێی بڕیارنامەی ٢٢٥٤ی نەتەوە یەکگرتووەکان، سووریە وڵاتێکی فرقە گەرا نییە و پێویستە نوێنەرانی حکومەتە هەرێمییەکان، سپای میللی و سیستمی پاراستنی وڵات بەپێی یاسای بنەڕەتی ئەو وڵاتە دیاری بکرێن، ئەم گەڵاڵەیە هەروەها لەسەر رێزدانان بۆ جیاوازییە نەتەوەیی و ئایینییەکانی خەڵکی سووریەش جەختی کردووەتەوە.

ئەم هەواڵە لە کاتێکدا بڵاو دەبێتەوە کە بەشار جەعفەری نوێنەری ڕێژیمی ئەسەد لە نەتەوە یەکگرتووەکان دوێنێ ڕایگەیاند: هیچ شوێنێک بەناوی ناوچە کوردییەکانی سووریە بوونی نییە و ئەوەیکە هەیە سورییە کوردەکانن!

وتوووێژەکانی ژنێڤ ٨ رۆژی سێشەممە ٧ی سەرماوەزی ئەمساڵ دەستیان پێکرد و بڕیارە تا ٢٤ی سەرماوەز بەردەوام بن.